فه‌رمانده‌یێکی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ڕوونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا ده‌دات

به‌شی جیهان- ژێنڕاڵ کنت مه‌کنزی باس له‌ دابه‌زینی به‌رچاوی ژماره‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کات له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ حاڵێکدا که‌ تورکیا ئاماده‌کارییه‌کانی بۆ هێرشی گریمان‌کراوی خۆی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ست پێکردووه‌، فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراو به‌ سه‌نتکام باس له‌ دابه‌زینی به‌رچاوی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌کات.

به‌ دوای پێشڕه‌وتی هێزه‌ کوردییه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ باکووری سووریا که‌ شکست‌هێنانی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ی لێکه‌وته‌وه‌، پاییزی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریای ده‌رکرد و ده‌بێ هێزی ده‌ولی جێگایان پڕ بکاته‌وه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23ی ته‌مووزی 2019 ژێنڕاڵ کنت مه‌کنزی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی فه‌رمانده‌ییی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ کوردستانی سووریا که‌ چاودێری له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هێزه‌کانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌کات باسی له‌ دابه‌زینی به‌رچاوی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ باکووری سووریا کردبوو. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ تورکیا هێز و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی له‌ باکووری سووریا کۆ کردۆته‌وه‌ و ته‌ئکیدی کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی پارێزراو دروست نه‌کرێت و هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا له‌ سنووره‌کانی تورکیا دوور نه‌بنه‌وه‌ ئه‌وا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کورد ئه‌نجام ده‌دات.

ناوبراو به‌ هه‌واڵده‌ریی نۆرس پرسی وتووه‌: ئێمه‌ هه‌وڵه‌کانمان بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان له‌ باکووری سووریا چڕ کردووه‌ و تا ئێستاش ژماره‌یێکی به‌رچاو له‌ هێزه‌کانمان له‌ سووریا کشاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام پێش له‌ کشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌مانهه‌وێت یارمه‌تیی هێزه‌ خۆجێییه‌کانی ناوچه‌که‌ بده‌ین بۆ جێگیرکردنی سه‌قامگیری له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داعش.

ناوبراو واده‌یێکی دیاریکراوی بۆ کشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا نه‌خسته‌ڕوو.

هاوکات به‌ دوای هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا نیسبه‌ت به‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر کورد له‌ ئه‌گه‌ری دروست‌نه‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا سه‌ردانی تورکیای کردووه‌ و گفتوگۆکانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ درێژه‌ی هه‌یه‌.

ژماره‌یێکی میدیای ڕۆژئاوا باس له‌ ڕه‌زامه‌ندیی ژماره‌یێک له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ وه‌ک به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا ده‌که‌ن له‌سه‌ر ناردنی هێز بۆ باکووری سووریا به‌ مه‌به‌ستی پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا.

هه‌فته‌ی ڕابردوو وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا نیسبه‌ت به‌ هێرشی گریمانکراوی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری هۆشداری دابوو که‌ مومکینه‌ گیانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌مووزی 2019 ژێنڕاڵ مه‌کنزی شاری کوردنشینی کۆبانێ له‌ باکووری سووریای به‌ سه‌ر کرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای کورد له‌وان مه‌زڵووم عه‌بده‌ کۆبانێ فه‌رمانده‌ی هێزی سووریای دیموکرات دیدار و گفتوگۆی کردبوو. مه‌زڵووم عه‌بده‌ له‌ توویتێکدا گفتوگۆی دوو لایه‌ن له‌سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌کانی به‌ گفتوگۆیێکی ئه‌رێنی ناو بردبوو.

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57347

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65247

Your Comment

You are replying to: .
captcha