کوردپرێس:
ڕۆژی سێشه‌ممه 23ی ته‌مووزی 2019 ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق بڵاوی کرده‌وه که گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌نفالكراوانی كوردیان له ناوچه‌ی شه‌یخییه‌ی سه‌ر به پارێزگای سه‌ماوه له باشووری عێراق هه‌ڵداوه‌ته‌وه که 70 ڕووفات له ناو ئه‌و گۆڕه‌دا بوون و ھه‌موویان ژن و منداڵن.
ده‌زگای شه‌هیدانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که منداڵه‌کان ته‌مه‌نیان له نێوان ساڵێک بۆ دوو ساڵدایه و ژنه‌کانیانیش زۆرینه‌یان ته‌مه‌ن له چله‌کاندایه، هاوکات دوو گۆڕی دیکه‌ی به‌کۆمه‌ڵیش له نزیک هه‌مان گۆڕ هه‌ن که دوای ڕێکاره یاساییه‌کان هه‌ڵده‌درێنه‌وه.
هاوکات فوئاد عوسمان وته‌بێژی وه‌زاره‌تى كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكوومه‌تی هه‌رێمیش هاوپه‌یوه‌ند به‌و بابه‌ته ڕایگه‌یاند: "یه‌كه‌م گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له سه‌ماوه هه‌ڵدرایه‌وه له كۆی ئه‌و سێ گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌ی كه ئه‌مساڵ له‌و سنووره دۆزرانه‌وه".
ناوبراو وتیشی: "یه‌كه‌م گۆڕ كه هه‌ڵدراوه‌ته‌وه نزیكه‌ی 100 ڕووفاتی تێدا بووه كه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و ڕووفاتانه خه‌ڵكی گه‌رمیان بن به‌پێی قۆناغه‌كانی ئه‌نفال و كه‌شوهه‌وای ئه‌وكاتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تى كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئێستا قۆناغى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانه، له قۆناغی دواتر ڕووفاته‌كان ده‌بردرێنه پزیشكی دادوه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی (DNA)یان بۆ بكرێت، دوای ته‌واوبوونی پشكنینه‌كانیش له مه‌راسیمێكی شایسته‌دا ده‌هێنرێنه‌وه هه‌رێمی كوردستان و له زێدی خۆیان به خاک ده‌سپێردرێن".
فوئاد عوسمان ڕوونی کرده‌وه: دیمه‌نی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌ی زۆر تراژیدیه و ئه‌و تاوانه سنووره‌كانی هه‌موو تاوانه‌كانی دژی مرۆڤایه‌تی تێپه‌ڕاندووه و هه‌ندێک منداڵ له باوه‌شی دایكیان زینده به چاڵ كراون.
شایانی باسه؛ له مانگی ئاداری 2018دا ئه‌حمه‌د مه‌نفی جوده پارێزگاری موسه‌ننا ڕایگه‌یاندبوو که چوار گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددامیان له بیابانه‌کانی سه‌ماوه دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌موو قوربانییه‌کان کوردن.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه نیووز
هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:
http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57334
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment