کوردپرێس:
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، كەنعان خەیلانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ھەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان و درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنیان، ھەموارەكە لەلایەن پەرلەمانەوە رەوانەی سەرۆكایەتیی ھەرێم كراوە بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بكات و دواتریش رەوانەی پەرلەمان بكرێتەوە، بۆیە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا سەرۆكی ھەرێم واژۆی بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە و دواتریش ئێمە لە رێگەی نووسراوی فەرمییەوە ئاگادار بكرێینەوە".
خەیلانی گوتیشی: "دوای كاراكردنەوەی ئەنجوومەن، یەكەم ھەنگاوی ئێمە ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك دەبێت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنمان و دواتر دەسەڵاتی خۆمان بەكار دێنین و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت ئەنجام دەدەین بۆ شێوازی كاركردن لە داھاتوودا، كە بە چ شێوەیەك بێت، بۆ ئەوەی بەركەوتن لە نێوان لیژنەكانی ئێمە و پەرلەمان نەبێت و ئەمە رێك بخرێت و ناكرێت لیژنەیەكی پەرلەمان بەدوای مەلەفێكدا بچێت و لیژنەی ئێمەش بەدوای ھەمان مەلەفدا بێت، بۆیە پێویستە ھەماھەنگییەكی تەواو ھەبێت لە كاتی بەدواداچوونەكان و پێویستە كارەكانیان جیا بكرێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە قسەمان كردووە و دەمانەوێت بە شێوەی كرداری ئەو كارەبكرێت و ئیشی ھەر یەكەیان دیار بێت، چونكە ئێمە دوو دەزگای ھەڵبژێردراوین لە لایەن خەڵكەوە".
*لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment