ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر پێنج په‌رله‌مانتار ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق داوایێکی ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کرد بۆ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر پێنج ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ گه‌نده‌ڵی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌مووزی 2019 عه‌بدولڕه‌حیم شمه‌ری ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ په‌رله‌مان ڕای‌گه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران کردووه‌ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر پێنج په‌رله‌مانتار هه‌ڵبگرێت.

ناوبراو وتیشی: "ئه‌و پێنج په‌رله‌مانتاره‌ به‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌گلاون که‌ بریتییه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ و گه‌نده‌ڵی له‌و کاته‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنیان بووه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببنه‌ په‌رله‌مانتار."

شمه‌ری ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی ئاشکرا نه‌کردووه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییانی کردووه‌ و ڕوونی کرده‌وه‌: هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار پێویستی به‌ ده‌نگی یه‌ک له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان له‌ پشووی هاوینه‌دا بێت سه‌رۆکی په‌رله‌مان مافی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌یه‌.

به‌م پێیه‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق تا کۆتاییی ئه‌م مانگه‌ واتا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانیان پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی تێوه‌گلاو به‌ گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر داواکاریی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی وڵات هه‌ڵبگرن چوونکه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی داهاتوو پشووی هاوینه‌ی خولی یاسادانان ده‌ست پێده‌کات و له‌و کاته‌وه‌ تا ڕۆژی ده‌ست پێکردنی کاری په‌رله‌مان ته‌نها محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مان مافی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی هه‌یه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌مووزی 2019‌ فایق زیدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی داواكاری گشتیی عێراق و به‌رپرسانی باڵای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق كۆ بووه‌ته‌وه‌ و داوایێکی ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانیی عێراق کردووه‌ که‌ تێیدا داواكاره‌ په‌رله‌مان پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی هه‌ڵبگرێت كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65228

Your Comment

You are replying to: .
captcha