بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژ عەزیز نوێنەرى یەکێتى گشتیی پەنابەران لە تورکیا لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو هاوڵاتیانە خەڵکى شارەکانى هەولێر و سلێمانى و هەڵەبجە و دهۆکن و بەر لە هەفتەیێک بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون و تا ئێستاش هیچ زانیارییێک لەسەریان نیە.
ڕۆژ عەزیز ئاماژەى بەوەش کردووە، قاچاخچییەکان بەر لە هەفتەیێک کەسوکارى ئەو کۆچبەرانەیان ئاگادارکردوەتەوە کە تورکیایان جێهێشتووە و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەگەنە ئیتاڵیا، بەڵام ئەو قسانەى قاچاخچییەکان ڕاست نین و کۆچبەرەکان تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
نوێنەرى یەکێتى گشتیی پەنابەران لە تورکیا ڕوونیشی کردوەتەوە، لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا هیچ ڕووداوێک لە تورکیا و لە دەریاى ناوەڕاست ڕووى نەداوە و لەبەر ئەوە ئەگەرى گەورە هەیە کە ئەو کۆچبەرانە لە بەندینخانەکانى تورکیادابن.
ساڵانە ژمارەیێکی زۆر کۆچبەرى نایاسایی لە رێگەی تورکیاوە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا دەدەن و رووداوی نقوم بوون و خنکانی کۆچبەران لە رێگا ئاوییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە.
ساڵى ٢٠١٦ تورکیا و وڵاتانى یەکێتیی ئەورووپا ڕێککەوتنێکیان لەسەر پرسی کۆچبەران واژۆ کرد، بەپێى ڕێککەوتنەکە، تورکیا دەبێت ڕێگرى بکات لە پەڕینەوەى کۆچبەران بۆ ئەورووپا، لە بەرانبەریشدا یەکێتیی ئەورووپا هاوکاریی دارایى و فریاگوزاریى پیشکەشى ئەو وڵاتە دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment