تاسەی ئاسایش و ئاوەدانی لە سووریا... هەر تاپۆیێک ماوە

بەشی سووریا- زانكۆی ئەمریكیی بەیروت بە هاوكاریی كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی لەبارەی ئاسەواری شەڕ لەسەر خەڵكی مەدەنیی سووریا بڵاو كردووەتەوە و کۆمەڵێک داتای دڵتەزێنی لەبارەی ژمارەی ئاوارە و قوربانیانی شەڕ و نائارامی لەو وڵاتە ئاشکرا کردووە.

کوردپرێس:

گوشاری شەڕی نێوخۆی هەشت ساڵەی سووریا لەسەر خەڵكی ئەو وڵاتە بەردەوامە، هەرچەند ژمارەی كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بەشێوەیێكی بەرچاو كەمی كردووە، بەڵام ژمارەی ئەو خەڵكانەی لە ناوخۆی وڵات ئاوارە دەبن، هەر بە بەرزی ماوەتەوە. زانكۆی ئەمریكیی بەیروت بە هاوكاریی كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی لەبارەی ئاسەواری شەڕ لەسەر خەڵكی مەدەنیی سووریا بڵاو كردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ناوەڕاستی 2017 هەتا ناوەڕاستی 2018 نزیكەی یەك ملیۆن و 273 هەزار كەس ناچار بوون ماڵ و حاڵیان بۆ ناوچەیێكی دیكەی سووریا بگۆڕن، لەو ژمارەیە 1.2 ملیۆن كەسیان خەڵكی پارێزگاكانی ئیدلب، حەما، دێرەزوور، حەلەب، رەققە، حمس، حەسەكە و لازقیە بوون و زیاتر لە 71 هەزار كەسیشیان خەڵكی پارێزگاكانی دیمەشق، سوێدا و درعا بوون.

بەگوێرەی داتاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەتا ئاداری 2019، نزیكەی 6.2 ملیۆن كەس لە ناوخۆی سووریا ئاوارە بوونە. بەپێی راپۆرتێكی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ساڵی 2018 كەمترین ژمارەی كوژراوی شەڕ لە سووریا تۆمار كراون، واتە 20 هەزار كەس كە 6500 كەسیان مەدەنی بوونە. بەو حاڵەشەوە لە هیچ قۆناغێكی شەڕی نێوخۆی سووریادا هێندەی پارساڵ خەڵك لە نێوخۆی سووریا ئاوارە نەبووە.

لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 1300 حاڵەتی پێشێلكاری دژی منداڵان تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە 60٪یان كوژران و برینداركردن بوونە. راپۆرتەكەی زانكۆی ئەمریكیی بەیروت ئاماژە بۆ لەدایكبوونی یەك ملیۆن منداڵی پەنابەری سووری لە توركیا، لوبنان، ئوردن، عێراق و میسر دەكات.

منداڵە پەنابەرەكان هەڕەشەی كاری زۆرەملێ و دەستدرێژییان لەسەرە. لە لوبنان كە میوانداری زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەری سووری دەكات، 29٪ی ئەو كچە پەنابەرانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 19 ساڵە بەشوو دراون.

تەنیا لە توركیا لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2017 زیاتر لە 224 هەزار منداڵی سووری لەدایك بوون، لە كاتێكدا 51٪ی پەنابەرە سوورییەكان لە لوبنان، عێراق، میسر و ئوردن منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵانن كە 10 هەزاریان بێسەرپەرشتن.

بەپێی داتاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، 63.7٪ پەنابەرانی سووری لەو چوار وڵاتە خەڵكی چوار پارێزگای سووریان: حەلەب (17.2٪)، حمس (17.2)، درعا (16.7٪) و ریفی دیمەشق (12.2٪).

بەدرێژاییی 2018 تەنیا 23 هەزار و 409 هاووڵاتیی سووری لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە وڵاتانی دراوسێوە ڕەوانەی وڵاتی سێیەم كراون، پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان بەڵێنی دابوو 10٪ی پەنابەرە سوورییەكانی وڵاتانی دراوسێ بۆ وڵاتی سێیەم بگوازێتەوە. لە ساڵانی نێوان 2013 بۆ 2018 تەنیا 4٪ی پەنابەرە سوورییەكان لە چوارچێوەی نۆرمە یاساییە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ وڵاتی سێیەم بردراون.

راپۆرتەكەی زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە 11.6%ی پەنابەرانی سووری لە ئەورووپان و 87٪شیان لە توركیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقان.

بە درێژاییی ساڵی رابردوو، 142 هەزار و 500 كۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتەوە ئەورووپا، لەو ژمارەیە 10 هەزار و 400 كەسیان خەڵكی سووریا بوون كە خۆیان گەیاندووەتە یۆنان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و قوبرس.

دەوڵەتی ناوەندی خەریكی كۆنترۆڵكردنەوەی زۆرینەی ئەو ناوچانەیە كە لە چەند ساڵی رابردوودا لە بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی سوننەدا لەدەستی دابوون، هەر بۆیە دیمەشق بە براوەی كۆتاییی شەڕەكە دادەنرێ. بەڵام داتا ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان وا دەردەخەن كە سەركەوتنەكەی دەوڵەتی ناوەند لانی کەم تا ئەم کاتەش تەنیا لەڕووی سەربازییەوەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی بانكی جیهانی، هەتا كۆتاییی 2016 نزیكەی 226 ملیار دۆلار زیان بەر ئابووریی سووریا كەوتووە. ئەو ئامارە وێرانكارییەكانی شەڕی 11 مانگەی رەققە و شەڕی غوتەی رۆژهەڵات و زۆر ناوچەی دیكە لە خۆناگرێ كە لە دوای 2016 شەڕی قورسیان تێدا بووە.

ئەم داڕووخانە ئابوورییە پێش هەموو شتێك رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵك داناوە، بە گوێرەی راپۆرتەكەی زانكۆی ئەمریكیی بەیڕوت نرخی خواردەمەنی بە رێژەی 800٪ لە چاو قۆناغی پێش شەڕی ناوخۆ بەرز بووەتەوە. 5.6 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی سووریا كەم­خۆراكن و چوار ملیۆنی دیكەش هەڕەشەیان لەسەرە تووشی كەمخۆراكی ببن.

حكوومەتی سووریا لە دوو ساڵی رابردوودا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئامادەیە پەنابەرە سوورییەكانی وڵاتانی دراوسێ وەربگرێتەوە.

74٪ی پەنابەرە سوورییەكان كە لە میسر، لوبنان، عێراق و ئوردن نیشتەجێن بە نەتەوە یەكگرتووەكانیان راگەیاندووە كە پێش جێهێشتنی وڵات موڵكیان لە وڵاتەكەیان هەبووە. لەو رێژەیە موڵكی 46٪یان بە تەواوەتی وێران بووە، موڵكی 10٪یان هەتا رادەیێک تێكچووە و 14٪یشیان هەواڵی موڵكەكەیان نازانن.

بەپێی راپۆرتی زانكۆ لوبنانییەكە، تێكچوونی ژێرخانی كەرتی نیشتەجێبوونی سووریا و ژمارەی زۆری ئاوارەكان وای كردووە 5.3 ملیۆن كەس لە شوێنی نەگونجاودا بژین. لە وڵاتانی دراوسێش تەنیا 6٪ی پەنابەرە سوورییەكان لە كەمپی پەنابەراندا دەژین و ئەوەی دیكەیان لە ناو شارەكاندا نیشتەجێن.

عێراق زیاترین رێژەی پەنابەرە سوورییەكانی لە كەمپەكان جێگیر كردووە (واتە 37٪)، دوای ئەویش ئوردن دێ بە 18.7٪. توركیاش تەنیا 4٪ی پەنابەرە سوورییەكانی لە كەمپ نیشتەجێ كردووە. لە لوبنان و میسر هیچ كەمپێكی فەرمی بۆ پەنابەرانی سووری دروست نەكراوە.

بەگوێرەی داتاكانی نووسینگەی ناوەندیی ئاماری سووریا 50٪ی ئەو خەڵكەی لە ناوخۆی سووریا دەژین بێكارن، ئەو رێژەیە لە ناو گەنجاندا زۆر بەرزترە و هەتا 78٪ چووە. لە دۆخی ئێستای ئابووریی سووریا و نەبوونی وەبەرهێنانی بیانیدا ئەستەمە حكوومەتی سووریا بتوانێ دۆخی بێكاریی دانیشتووانی وڵات چاكتر بكات.

زیاتر لە 60٪ی دانیشتووانی سووریا بەدەست كەمی یان نەبوونیی ئاو و كارەباوە دەناڵێن، لە كاتێكدا كەموكوڕیی گەورەش لە كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە هەن.

هەرچەند وڵاتانی هاریكار و نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین ملیار دۆلاریان بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێ و ئاوارەكانی ناوخۆی سووریا دابین كردووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە گەیاندنی ئەو هاوكارییانە بە زۆر ناوچە كارێكی ئەستەمە. بەگوێرەی راپۆرتەكە 78٪ی ئەو خەڵكەی لە سووریا لەناوچەی هەستیار و مەترسیدار دەژین، لە شەش مانگی یەكەمی 2018دا بەشێوەی بەردەوام هاوكارییان پێنەگەیشتووە.

News Code 65182

Your Comment

You are replying to: .
captcha