به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی په‌لاماردانی ژماره‌یێک گه‌شتیاری كورد له توركیا و ده‌ستگیركردنیان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا چه‌ند هاووڵاتییێكی هه‌رێمی كوردستان له شاری ترابزۆنی توركیا تووشی په‌لاماردان و ده‌ستدڕێژی بوونه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ویستوویانه به ئاڵای كوردستانه‌وه وێنه بگرن و دواتر ده‌ستگیر کراون و به‌نیازن بیانده‌نه دادگه.
له ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه: ئاشکرایه ئاڵای ھه‌رێمی کوردستان ئاڵایێکی ده‌ستوورییه له ناو عێراقدا و پێشتریش له فڕۆکه‌خانه‌کان و ھۆڵه‌کانی پێشوازی له تورکیا دانراوه بۆ پێشوازی کردن له شانده‌کانی ھه‌رێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا باس له‌وه کراوه که سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌و ڕووداوه، لایه‌نه په‌یوه‌ندییداره‌کانی هه‌رێمی کوردستانیشی ڕاسپارد که له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورکیا قسه بکه‌ن تا به زووترین کات گه‌شتیارانی هه‌رێمی کوردستان ئازاد بکرێن.
ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که سامی جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان به خه‌ندانی راگه‌یاند "بۆ ئه‌م بابه‌ته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر خه‌ت بوو به‌و هۆیه‌وه ئازاد كران، هاوكات له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا داوای له به‌رپرسانی توركیا كردووه له فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا گه‌شتیارانی كورد ڕێزیان لێبگیرێت".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئه‌و هێرشبه‌رانه‌ی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر گه‌شتیاره كورده‌كان خه‌ڵكی ئاسایی بوون و هێزه‌كانی ئاسایشی ئه‌و ناوچه‌یه به مه‌به‌ستی پاراستنی كورده‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ست ئه‌و خه‌ڵكه ده‌ریانبهێنن ته‌قه‌یان كردووه به ئاسماندا و دواتر بۆ پاراستنی گیانیان بردوویانن بۆ بنكه‌ی پۆلیس".
له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه ماڵپه‌ڕی ڕۆژنیووز بڵاوی کرده‌وه که گرووپێک له گه‌شتیارانی هه‌رێمی کوردستان له شاری ترابزۆنی تورکیا کاتێک ویستیان به ئاڵای هه‌رێمی کوردستانه‌وه وێنه بگرن له‌لایه‌ن نه‌ژادپه‌ره‌سته تورکه‌کانه‌وه هێرشیان کرایه سه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له شوێنی ڕووداوه‌که‌ش پۆلیس هه‌بوون به‌ڵام ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌کرد و له ئه‌نجامدا سووکایه‌تییان به گه‌شتیاران کرد و ده‌ستگیر و ڕه‌وانه‌ی دادگه‌ی ئاکسارای کران و داستێنیش په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ی دژی گه‌شتیارانی هه‌رێم کرده‌وه.
سامی جه‌لال گوتیشی: "هیچ زانیاریێكمان نییه كه ئایا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر گه‌شتیاره كورده‌كان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام دراوه یاخود نا".
دادستێنی ترابزۆنیش له‌مباره‌وه ڕایگه‌یاند که گه‌شتیارانی هه‌رێمی کوردستان به بۆنه‌ی به‌کارهێنانی ئاڵای هه‌رێم ده‌ستگیر و پاش لێپێچینه‌وه سنوورداشی هه‌رێمی کوردستان کرانه‌وه.
شایانی باسه که 9 گه‌شتیاره ده‌ستگیرکراوه‌که‌ی هه‌رێم پاش 24 کاتژمێر ئازاد و بۆ پارێزگای دهۆک گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
ئه‌م ڕووداوه کاردانه‌وه‌یێکی زۆری له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌رێم به دوای خۆیدا هێنا.
هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:
http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57271
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment