بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵوێستی تاران دژی هەوڵی لەشكرکێشی هەندێ وڵاتی ناوچەکە بۆ سەر سووریا راگەیاند؛ هەروەها پێی راگەیاند کە هێشتا بوار بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ماوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی پرسی سووریاوە، ماکرۆن پاڵپشتیی فەرەنسای بۆ هەڵوێستی ئێران راگەیاندووە کە نابێت هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆنێو خاکی سووریا ئەنجام بدات.
هەروەها لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێراندا بڵاوکراوەتەوە کە ئیبراهیم رهئیسی رایگهیاندووە، ئهو گهمارۆیانهی که ئهمریکا بهسهر ئێراندا سهپاندوونی له دوای کشانهوهی تاکلایهنهی واشنتن له رێککهوتنی ئەتۆمیی ئێران لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا زیانی بۆ ئابووریی جیهانی بە گشتی و ئهورووپا بە تایبەتی ههبووه.
رهئیسی هەروەها باسی لەوە کردووە كه سهرهڕای گهمارۆكانی ئهمریكا، "ئێران توانیویهتی له هاوكارییه سیاسی و ئابوورییهكانی لهگهڵ وڵاتانی جۆربهجۆر له جیهاندا گهشهیهكی سهرنجڕاكێش بهدهست بهێنێت."
رەئیسی وێڕای رەخنەگرتن لە رێوشوێن و هەڵوێستەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بەرامبەر ئێران، گوتووشیەتی: "دەرکردنی بڕیارنامەیەک لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، هەنگاوێک بوو بە ئامانجی دروستکردنی گوشارەکان دژی خەڵکی ئێران و ئەوەش زیانی بە متمانەی سیاسی گەیاند."
سەرۆککۆماری ئێران هاوکات بۆ ماکرۆنی دووپاتکردووەتەوە کە پێویستە ئێران سوودی ئابووری لە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وەربگرێت.
هەروەها هەردوو سەرۆک باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و فەرەنسا کرد، پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگە سەرەکییەکان، لە نێویشیاندا ئاساییشی خۆراک و وزە کردووە.
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە کە پاریس بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کارابکرێتەوە.
Your Comment