بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال قلیچدار ئۆغڵۆ، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا (جەهەپە) کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکی «عەدالەت» لە ئەستەمبۆڵ قسەی دەکرد ئاماژەی دا بە پرسی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا و وتی: لە زیندانەکانی کۆماری تورکیادا دەیان هەزار زیندانیی سیاسی هەن کە لەنێوانیاندا کەسانێک بە ناحەق لە زینداندان. عەرەن ئەردەن نوێنەری پێشووی پەرلەمانی تورکیا بە چ هۆکار و بەڵگەیێکەوە زیندانی کراو؟ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان بە چ بەڵگەیێکەوە زیندانی کراوە؟ ئێمە دادپەروەریمان بۆ هەمووان دەوێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی دا بە ڕادەست کردنی سیستمی بەرگریی S-400ی ڕووسی بە تورکیا و وتی: ئەگەر لە کاتی پێویستدا داخوازیی ئێمە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی پاتریۆت بێ وەڵام مایەوە هەڵبەت تورکیا ئەو مافەی هەیە بۆ دابین کردنی ئاسایشی خۆی بژاردەی دیکەش تاقی بکاتەوە و ئەمە مافی تورکیایە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئورنسل
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment