مێژوو وڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی کوردەوە دەداتەوە

بەشی دیمانە/ جیهان- پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل بڕوای وایە کوردەکان لانی کەم بۆ ماوەی 2000 ساڵی ڕابردوو وەکوو گرووپێکی قەومیی تایبەت ژیاون بەڵام تەنها نزیکەی سەد ساڵە جەخت لە ناسایەتیی خۆیان وەک قەومێک دەکەن.

کوردپرێس:

مەسەلەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژوودا پڕڕەنگتر دەرکەوتووە. نموونەی ئەم مەسەلەیش یەکیان پێکهاتنی هەرێمی کوردستانی عێراقە کە وەک کیانێکی خۆبەڕێوەبەر لە باکووری عێراق پێکهات.سەرهەڵدانی داعش و دەوربینینی تایبەتی کورد لە شەڕی داعش چ لە عێراق و چ لە سووریاش وای کرد ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا بەرجەستەتر بێت. بەڵام کاتێک باسی مەسەلەی کورد و پێوەندیی کورد لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکرێت تەوەری بەکارهێنرانی کورد وەک ئامێر و دارەدەست لەلایەن ڕۆژئاواوە خۆ دەنوێنێت. هەڵبەت بۆ وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک مژاری پێوەندیدار بە مەسەلەی کورد پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و سەرچاوە مێژووییەکان. هەر بۆیەش ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس هەوڵی داوە دیمانەیێکی تێروتەسەل لەگەڵ پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل پڕۆفیسۆری زانستە مێژوویییەکان لە زانکۆی تۆرینی ئیتاڵیا بکات و وەڵامی چەند پرسیارێکی مێژوویی لەو پسپۆڕە وەربگرێت.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان یەک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە ئایا ناکۆکییەکان بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوو بدات؟

پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل: نەخێر. شەڕێکی تەواو عەیار هەرگیز ڕوو نادات. بەڵام کۆمەڵێک کەلێنی سیاسی هەن کە دەتوانێت لێکەوتەی زیانباری هەبێت و ڕەنگە کەرکووک دەوری تایبەتی لەو کێشانەدا ببینێت. کەرکووک ناوچەیێکە کە زۆر پێکهاتەی عێراقی لە خۆ دەگرێت. 40 لە سەدی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە کەرکووکە. تورکمانەکان تا پێش 1940 و پێش ئەوەی کورد بۆ کارکردن بەرەو کەرکووک کۆچ بکەن زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووکیان پێکدەهێنا. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئیدعای هەموو لایەنەکان بۆ قۆرخ کردنی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک ئیدعایێکی بێ بنەمایە. قوماری سیاسیی گەورە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە عێراق کراوە کە مەبەستەکەی پاراستنی باڵانس و هاوسەنگیی دەسەڵاتی سیاسی بووە لە نێوان پێکهاتە جۆربەجۆرەکانی عێراق. یەک لەو ڕووداوە هەرە گرینگانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا قۆماوە مەسەلەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بوو. بە ڕای من زەمینەی پێکەوەژیانی هاووڵاتییانی عێراقی بەستراوە بە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەدەسەڵاتی نێوخۆیی و تا ئەو کاتە ئەو دەوڵەتە لە عێراق نەیەتە سەرکار زەمینەی ئەو پێکەوەژیانەش فەراهەم نابێت.

کوردپرێس: پێت وایە کورد دەتوانێت کیانی سەربەخۆی لە عێراقدا هەبێت؟

پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل: کورد چوارەم قەومی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لەباری گەوریەییی نفووس و حەشیمەتەوە. هەندێک کەسیش دەڵێن گەورەترین قەومی جیهانە کە دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی نیە. بەهەموو ئەمەشەوە بەڕای من دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد زەمینەی سەرهەڵدانی توندئاژۆیی و بشێوە لە ناوچەکەدا فەراهەم دەکات و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتە بیانییەکان بوونیان لە ناوچەکە زیاتر بێت و تەداخولی کاروباری ناوچەکە بکەن. ئەگەر دەتانەوێت بزانن بۆچی من لە سەر ئەم بڕوایەی خۆم ڕێگەم بدەن با بە چەند پرسیارێکی دیکە ئەم پرسیارە کاردۆژە بکەم. ئایا پاش ئەوەی کورد لە عێراق بوو بە خاوەنی کیانی سەربەخۆ دیکەی پێکهاتە عێراقییەکانیش وەک ئاشووری و تورکمان و ئێزدییەکانیش داوای کیانی سەربەخۆ دەکەن؟ ئایا کیانی سەربەخۆی کوردی نابیتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژی وەک ئەوەی لە نەوەدەکاندا کرا؟ موراد ئیسماعیل بەڕێوەبەری پەیمانگای یەزدا سەر بە ئێزدییەکانی عێراق دەڵێت: "ژمارەیێک لە ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن و ژمارەیێکی دیکەشیان خۆیان بە قەومی ئێزدی دەزانن و ژمارەیێکی دیکەشیان دەڵێن ئەوان پێکهاتەیێکی قەومی و ئایینین کە لە کورد جیاوازن." لەم دۆخەدا ناوهێنانی کورد و دیکەی قەومەکان چۆن بێت باشترە؟ من مێژووناسم و پێم خۆشە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بگەڕێمەوە بۆ بەڵگە و دەقی مێژوویی چوونکە هەر شتێک مێژوو ڕەت بکاتەوە ئەوا فەشەل دەهێنێت.

کوردپرێس: مێژوو چۆن دەتوانێت وەڵامی گریمانە و پرسیارەکانی ئێمە لەبارەی مەسەلەی کورد و ناسایەتیی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بداتەوە؟

پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل: پێکهاتە قەومییەکان خولیا و تاسە و ڕۆئیای نەتەوەخوازییان لە مێشکدایە. هەندێک جار بە تاسەیێکی زۆریشەوە ئەو ڕوئیایەی خۆیان دەدرکێنن. کوردیش بە هەمان شێوە. بزووتنەوە کوردییەکان زیاتر لە سەر میحوەری قەومی و ئایینی خولاوەتەوە. بێگۆمان مەسەلەی کوردیش لەم ناوچەیەدا مەسەلەیێکی جیاواز نیە و تەعبیر لە تایبەتمەندیی ناسایەتیی خۆی دەکات. تا کۆتاییی سەدەی 19ی زاینی جگە لە ئەحمەدی خانی فەیلەسووفی ناسراوی کوردی سەدەی 17، هیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە کە بیسەلمێنێت کوردێک وەک ناسنامەیێکی گشتی سەیری مەسەلەی کوردی کردبێت. تەقریبەن هەموو توێژەرانیش کۆدەنگن لە سەر ئەوەی کە کورد بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ وەک گرووپێکی تایبەتی خۆیان نواندووە. وەک لە چەند بەڵگەیێکی بەیتانییەکاندا دەرکەوتووە کورد لە ڕابردوودا لە سەرۆک عەشیرەکان بەڕێوە براون کە ڕووبەرێکی تەسکیان بەدەستەوە بووە. هەڵبەت کوردیش وەک تورکمان و عەرەبەکان نزیکەی سەد ساڵە کە بیریان لە قەوم بوونی خۆیان کردۆتەوە. هەڵبەت سەرهەڵدانی ناسایەتیی کورد وەک قەومێک وەکوو بەدیلێک بۆ هاووڵاتی بوون لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئیمپراتووریی عوسمانی و وەرگرتنی مافی هاووڵاتی بوون لە کۆمەڵگەیێکی ئایینی هاتە گۆڕی ئەگینا بۆ وەرگرتنی هەستی "بوونێکی سیاسی" نەهاتە ئاراوە.

بەم حاڵەوە بۆچی کورد پێچەوانەی دیکەی گرووپە قەومییەکان لە ناوچەکە تا ئەم دوایییەش خۆیانیان وەک خەڵکی کورد نەناساندووە؟ ئانتۆنی سمیت باسی پێوەر و تایبەتمەندییەکانی پێکهاتنی گەل دەکات و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ڕیشەیی و مێژوویی و ئاشکرا دەخاتە ڕوو بەڵام کەس بە پێویستی نەزانیوە باسەکە زیاتر شەن و کەو بکات. مرۆن بنوینیستی تۆزێک زیاتر لێی ورد بۆتەوە و ئاوا بەڵگەی هێناوەتەوە: "هەموو ئەو یارییەی بۆ شۆناس پێناسە کراوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پێوەندی لە نێوان کۆچڕەوەکان. ئەوانەی نیشتەجێی شوێنێکی تایبەت بوون قەت لەبارەی ناسنامەی خۆیانەوە پرسیار ناکەن."

هەستی جۆربەجۆر لەبارەی شۆناس بەپێی چەند تەوەر وەک ئایین و زێد و ڕەهەندە بنەماڵەییەکان دەرکەوتوون. بۆ نموونە عاسیمە بارزانی ژنێکی کوردە لە نیوەی یەکەمی سەدەی 17ی زاینیدا وەک تاکە ژنی وانەبێژی تەورات ناسراوە. یەهوودی بوونی ئەو ژنە نەبۆتە ڕێگر لەوەی دیکەی پێوەرەکانی ناسایەتیی خۆی تێکەڵ بە ژیانی بکات. ئێمە کۆمەڵێک ڕاستی لە بەردەستماندایە کە پێچەوانەی هەموو ئیدعاکانە کە لەبارەی کوردەوە کراوە. بۆ نموونە ڤیۆیان هۆلت خۆرهەڵاتناسی بەریتانی بڕوای وابوو کوردەکان دۆستی بەریتانیا و پشتیوانی خۆیان و دژی چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن. بەڵام پێچەوانەی ئەو وتەیە، شۆناسی جیاوازی زۆر کەس وەک عاسیمە بارزانی و ملوێنان کوردی دیکەی ئەمڕۆکە جیاوازیشیان هەیە و لێکچوونیشیان هەیە. بارێنت و تەلحامییش ئەوەیان ئاماژە پێکردووە کە یەک لەو پێوەرانەی ناوچەیێک بە تەواوەتی لە ناوچەیێکی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شۆناسی نیشتمانی خاوەنی کاراکتەری سەروونیشتمانی بێت.

کوردپرێس: ئایا دەکرێت بە ڕوونی باسی سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرانبەر بە کورد بکەین؟

پڕۆفیسۆر لۆرێنزۆ کامیل: ناتوانین ئەو سیاسەتە بە سەر هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوادا بساوین. دیار گۆمانی تێدا نییە کە خواست و ڕۆئیای کورد بۆ زۆر مەبەستی جیاواز زۆر جار بەکار هێنراوە و کورد کراوە بە وەسیلە. بەڵام ناتوانین بڵێین هەموو کردە خراپەکان بەرانبەر بە کورد هەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردوویانە. کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی کە کۆمپانیایێکی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان بە ملیاران دۆلار سەرمایەی داناوە. 77 لە سەدی هەموو پێداویستیی سووتەمەنیی ئیسرائیل لە سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. ئەمە تەنیا دوو نموونەی بچووک بوون کە وترا بەڵام هەر ئەو دوو نموونەیە بۆمان ئاشکرا دەکات کە چ بەرژەوەندی و قازانجگەلێک لەم نێوانەدا هەن.

بەوەشەوە سەرمایەدانەری لە ناوچەیێکدا خۆی بۆ خۆی کێشە دروست دەکات. بەڵام ئەوەی کێشەکە چەند قات دەکات ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو ئەکتەر و سەرمایەدانەرانە بەردەوام سەلماندوویانە کە بەرژەوەندیی زیاتریان لەوەدایە لەگەڵ عێراقێک مامەڵە بکەن کە لاواز و پەرتەوازە بێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی نفووزی خۆیان بە سەر ناوچەکەدا بسەپێنن.

لەو بارەیەشەوە بەتایبەتی لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە پڕۆژەی گۆڕینی خۆرهەڵاتی نالوەڕاست بۆ "خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە" پەیڕەو کراوە و مەبەستەکەشی ئەوە بووە وڵاتانی گەورە تووشی دابڕان و لێکترازان بکات و بکرێن بە ناوچەی بچووک بچووک. ئەو پڕۆژەیەش لەلایەن زۆر پەیمانگای خاوەن نفووزی ئەمریکا پشتگیریی ئەو پڕۆژەیە دەکەن بۆ نموونە "نیو ئەمریکەن سەنچری" یان "سەردەمی نوێی ئەمریکا" پڕۆژەیێکە کە 25 سیاسەتوان واژۆیان کردووە. دەکەس لەو سیاسەتوانانە لەوان دیک چەنی، دۆناڵد ڕامسفێلد و جان بۆڵتۆن و پۆل ولفوویتس بۆ خزمەتکردنی ئەمریکا هاتنە کابینەکەی جۆرج بووش. هەر بە هەمان شێوە زۆر بڵاڤگە و ڕۆژنامە و ئاکادیمیستیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەم شێوەیە دەناسن: "ئەو ناوچەیەی بە فیرقە و عەشیرەکان ئیدارە دەکرێت".

هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەم عەقڵییەتەدا وەک ناوچەیێکی دوورکەوتەی دەستکرد دەردەکەوێت کە لەو ناوچەیەدا خەڵکی خۆجێیی لە ژێر نفووز و دەسەڵاتی عەشیرە و ئاییندا بوون و لە سیستەمێکدا دەژین کە بنەماکەی دژەیەک بوونە.

پڕۆفیسۆر فیلیپ کارل سالزمەن لە زانکۆی مەک گیل دەڵێت: "ئاشتەوایی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەست نادات چوونکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەرزش و ئامانجەکان گرینگتر لە ئاشتی و ئاشتەوایی."

پێشکەشکردنی دیمەنێکی دەستکرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چەند دەستەواژەیێک وەکوو "کەمینە داخراوەکان" یان مووزائیکێک لە کەمینەکان و نەبوونی مێژووی هاوبەشی تۆکمە وا بڵاوەی کردووە کە وشەی "سەقامگیری" بە ناچاری لەگەڵ "لێکترازان" و "دابڕان" و "سنوورە سروشتییەکان" دێت ماناکەشی ئەوەیە تایبەتمەندیی سنوورەکان لەگەڵ جیاوازیی مەزەهەب و قەومەکان یەک بخرێت. بە ڕای من کۆمەڵێک هۆکاری بیانی و چاودێرانیش کوردی عێراقیش و سووریا و شوێنەکانی دیکەشیان وەک وەسیلەیێکی باش بۆ پەرەپێدانی لێکترازان و خەساردان لە کورد بەکار هێناوە. چ کوردیش و چ دیکەی پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەش شایستەی ئەوەن باشتر سەیریان بکرێت.

News Code 64960

Your Comment

You are replying to: .
captcha