کوردپرێس: کەرکووک پێشتر پرسی سەرەکی و هۆکاری ناکۆکیی نێوان کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی بوو و ئێستا بووەتە هۆی موناقیشەی ناوماڵی کورد. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە پاش ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبری 2017 دەسەڵاتی سەربازی و سیاسیی کوردەکان لەم ناوچەیەدا دابەزیوە و داهاتوویێکی ڕوون بۆ بووژاندنەوەی پێگەکەی جارانی کورد بەدی ناکرێت.
ئاژانسی کوردپرێس لەبارەی دوا گۆڕانکارییەکانی کەرکووک، هۆکاری ناوکۆکیی نێوان کوردەکان لەسەر هەڵبژادرنی پارێزگارێک بۆ ئەم پارێزگایە و هەوڵی پێشمەرگە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان گفتوگۆیێکی لەگەڵ بابەکر سدیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەربە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
کوردپرێس: لە ئێستادا بارودۆخی ئەمنی و ئیداریی کەرکووک چۆن دەبینن؟
بابەکر سدیق: هەم لەباری ئیداری و هەم لەباری ئەمنییەوە ئێستا بارودۆخی کەرکووک زۆر خراپە، هۆکاری خراپیی باری ئەمنی ئەمەیە کە ئێستا کۆمەڵێک هێزی ئەمنی و عەسکەری لەناو شاری کەرکووکن کە بە ئارەزووی خۆیان تەسەڕوف ئەکەن و بە ئارەزووی خۆیان بڕیار ئەدەن.
لەڕووی ئیداریشەوە کەس ئاگای لەکەس نییە و کەس گوێ لەکەس ناگرێت و ڕۆژ تا ئێوارە بڕیار دەرئەچێت و کەس ئاوڕی لێناداتەوە.
کوردپرێس: هۆکاری خراپیی دۆخی کەرکووک لەباری ئەمنی و ئیدراییەوە چییە؟ واتا بەرپرسی ئەم دۆخە کێیە؟
بابەکر سدیق: لە پلەی یەکەمدا حکوومەتی عێراق بەرپرسی ئەم دۆخە خراپەیە لە کەرکووک لەبەر ئەوەی ئیهمالی کردووە و کەرکووک بە شارێکی عێراقی نازانێت لە لایێکی دیکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت گرنگی بە کەرکووک بدات لەبەر ئەوەی دوورەدەستە و دەسەڵاتێکی لەم پارێزگایە نییە.
کوردپرێس: پارتی و یەکێتی وەکوو پێکهێنەری فاکسیۆنی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تا ئێستا نەیانتوانیوە لە سەر دیاری کردنی پارێزگارێک ڕێکبکەون بەرپرسی ئەم کێشە کێیە و بۆچی ناتوانن بگەنە ڕێککەوتن؟
بابەکر سدیق: پارتی بەرپرسی ئەم کێشەیە لەبەر ئەوەی کە ئامادە نییە بگەڕێتەوە ناو شاری کەرکووک و بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکات، هەروەها بەشێک لە بەرەی تورکمانی گوێ لە سیاسەتی تورکیا دەگرن و ئامادە نیین بێن و ئەو مەجلیسە کارا بکەنەوە و ئیشی لەسەر بکەن بۆیە ئەنجومەنەکە ناتوانێت دەوری خۆی ببینێت. ئەنجومەنی پارێزگاش پێکهاتووە لەم عەناسورانە کە باسم لێکردن و برینین لە یەکێتی و پارتی و بەرەی تورکمانی و عەرەبەکان.
کوردپرێس: ئاماژەتان بە پارتی دا کە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکات بۆچی پاش 16ی ئاکتەوبر پارتی ئەم سیاسەتەی گرتۆتەبەر؟
بابەکر سدیق: پارتی ئامادەیە لەگەڵ بەغدا لە مووسڵ ڕێککەوتن بکات و ئامادە نییە لە کەرکووک لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت ئەمە سیاسەتێکە کە خۆیان دەزانن ئەبێت پرسیارەکە لە خۆیان بکرێت کە بۆچی ئەم سیاسەتە دووفاقییە بەکار دێنن.
کوردپرێس: لە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمدا یەکێتی کەرکووکی بە یەکێک لە مەلەفە سەرەکییەکان لە قەڵمداوە، ئایا هاوپەیوەند بە کەرکووکەوە یەکێتی و پارتی ڕێککەوتنێکیان کردووە؟
بابەکر سدیق: ئەوەی کە ئێمە بیستوومانە لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانەو دیارە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتوون و ئامادەییان پیشان داوە کە باسێکی جیدی لەسەر شاری کەرکووک بکرێت و ئەوزاعی کەرکووک ئاسایی بکەنەوە و مەرجی یەکێتیش ئەمە بووە کە هەر کاتێک هەوڵی ئاسایی کردنەوەی کەرکووک بدرێت ئەوا ئەوانیش ئامادەن بچنە ناو حکوومەت، بەڵام ئەگەر وانەبێت ئامادەن جارێکی تر پاشگەز ببنەوە و لە حکوومەت بکشێنەوە.
کوردپرێس: ئایا لە ڕێککەوتنەکاندا ئاماژە بە ناوی کەسێک کراوە بۆ پۆستی پارێزگای کەرکووک؟
بابەکر سدیق: تا ئێستا سێ چوار کەسێک ناوی دیاری کرابوو کە لە کەناڵەکانیشدا باسیان لێکراوە ئاخرجار ئەندازیار «تەییب جەبار» ناوی لێبراوە کە خەڵکی کەرکووکە و سەربە یەکێتی ئەگینا بە شێوەی ڕەسمی تا ئێستا هیچ شتێک یەکلا نەبووەتەوە.
کوردپرێس: ماوەیێک پێش ئێستا باس لەوە کرا کە لایەنەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕێککەوتوون کە ڕاکان جبووری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت وەکوو پارێزگاری ئەم شارە بمێنێتەوە و ناوی ئێوەش لە نێو ئەو لایەنانەدا بوو کە واژۆتان لەسەر ئەو ڕێککەوتنە کردووە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە چی بوون؟
بابەکر سدیق: ئێمە باسمان لەوە نەکردووە کە ڕاکان جبووری بمێنێتەوە یان بڕوا. ڕاکان جبووری بەر لە ڕیفراندۆم جێگری پارێزگاری کەرکووک دوکتۆر نەجمەدین بووە و لە پشکی عەرەبە، ئێمە باسی ئەوەمان کردووە کە جێگر لە پشکی عەرەبە ئێستا ئەو مەنسەبەش لەلای ڕاکان جبووریە و خۆی ئیختیار بەدەستی خۆیەتی. لەبەر ئەوەی کە ئەندامی پەرلەمانە عێراقە یا دەچێتە پەرلەمان یان وەکوو پارێزگاری بە وەکالەت دەمێنێتەوە واتا ئیختیارەکە بەو شێوەیە کە خۆی هەڵیدەبژێرێت و کەس ناتوانێت لایبەرێت مەگەر ئەوەی کە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و چەند خاڵێکی لەسەر دروست بکات و لایبەرێت ئەگینا هیچ دەسەڵاتێکی دیکە لە عێراقدا نییە کە لایبەرێت ئەگەر کابرایێکی ئیشکەر و ماندوو بێت. ئێمە باسی ئەو خاڵانەمان نەکردووە بە هیچ شێوەیێک و ڕاکان جبووری بەدەستی خۆیەتی کە دەمێنێتەوە یان دەڕوات. ئێمە تەنها ئاماژەمان بەمە کردووە کە جێگر ڕاکان سەعیدە و ئەو کەسێکە کە یاسا تەسبیتی کردووە و بە یاسا بووە بە جێگر و ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر داوە و ئەنجومەنی پارێزگایش دەتوانێت لایبەرێت.
کوردپرێس: زۆر باسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک دەکرێت ئاقاری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان چۆن دەبینن؟
بابەکر سدیق: هەموو کوردەکان هەوڵ بۆ ئەم بابەتە دەدەن. لە هەموو دانیشتنەکاندا لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و ئەمەریکییەکان و ئەورووپییەکاندا و هەروەها لەگەڵ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەو داخوازییە خراوەتە بەردەست و تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی نەبووە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment