جەعفەر شێخ مستەفا و ڕێبوار تاڵەبانی: هەولێر و بەغدا لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕێکنەکەوتوون

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌یێكی باڵای هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای ده‌كات که‌ چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یێک له‌ نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ئه‌نجام دراون به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ڵێنێکی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ نه‌دراوه‌ و هاوکات سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکیش باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌غدا له‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک جیددی نییه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و پارێزگایه‌ هه‌یه‌ ته‌نيا دۆخی وه‌ستاندنی شه‌ڕه‌.

کوردپرێس:

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 گوتی: تا ئێستا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام دراون.

ناوبراو گوتیشی: تا ئێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ که‌رکووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێک.

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند لێژنه‌یێک پێكهێنراون كه‌ خۆیان له‌ لێژنه‌یێكی باڵا و 5 لێژنه‌ی لاوه‌كیدا ده‌بیننه‌وه‌.

له‌ كاتێكیشدا یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ست کراوه‌ به‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک، هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێکی کورده‌ بۆ ئه‌و شاره‌ به‌ڵام وه‌ک ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ دۆخی ئێستای که‌رکووک دۆخی ڕاگرتنی شه‌ڕه‌ و لایه‌نی عێراقی جیددی نییه‌ له‌سه‌ر ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و شاره‌.

تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک كه‌ تێیدا دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ 5 لێژنه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكهێنراون به‌ڵام هیچ له‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌و لێژنانه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراون و هیچ به‌ره‌وپێشچوونێک له‌و دۆسییه‌یه‌دا نه‌كراوه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ که‌ "به‌غدا هه‌رگیز پابه‌ند نابێت چوونكه‌ ئێستا هێز به‌ده‌ست به‌غداوه‌یه‌ و وه‌ک باویشه‌ هه‌ر لایه‌نێک هێزی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت به‌ ئاسانی ناهێته‌ پێشه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64883

Your Comment

You are replying to: .
captcha