کوردپرێس:
لە راگەیەندراوێکدا ڕۆژی سێشەممە، 9-7-2019 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستووەتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیێکیان تێوەگلاون، بەداخەوە چەند دەزگایێکی راگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێبنەمایە داوە. ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەم تۆمەتە رەت دەکەینەوە".
لەبارەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەم هەوڵە میدیاییە چەواشەکارانە ناتوانن ئەو راستیە بشارنەوە: بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ راکێشانی شەڕ و نائارامی بۆ ناو هەرێم. چەندین ساڵەش رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە 800 گوند و ئاوایی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم دواییانەش چەکدارانی پەکەکە خۆیان خستووەتە پەنای گوند و ئاواییەکانمان و بەم هۆیەشەوە هاووڵاتییانی سڤیلمان بوونەتە قوربانیی پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە "کۆی سیستەمی ئیداریی هەرێم کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی، دژی ئەم سیاسەتەی پەکەکەیە و خوازیارین کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیان و ئەو راستییە دەخەینەوە ڕوو کە کوردستانێکی ئازاد پێویستی بە ئازادکردن نییە".
لە کۆتاییی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەبێت هەموولایێک رێز لە سەروەریی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرن و ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێم بکەن. هاوکات خوازیارین هەموو هێزەکانی ناوچەکە رێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ بگرنە بەر و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت".
رۆژی یەکشەممە 7-7-2019 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند دیار غەریب، ئەندامی كۆنسهی سهرۆكایهتیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه) لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپا و میت لە 27-6-2019 لە لۆفەکانی کورتەک کراوەتە ئامانج، دواتر لە هەمان رۆژدا کەجەکە رایگەیاند "لە 5-7-2019 هاوڕێمان هەڵمەت (دیار غەریب) لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە هاوڕێکانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە قەندیل شەهید بوون".
Your Comment