کوردپرێس:
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 16ی پووشپه‌ڕی 1398 به‌رانبه‌ر به 7ی ته‌مووزی 2019 سه‌یید عه‌باس عێراقچی کۆبوونه‌وه‌یێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بێهرووز که‌ماڵوه‌ندی وته‌بێژی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی و عه‌لی ڕه‌بیعی وته‌بێژی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام دا و له دوای کۆبوونه‌وه‌که له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ستپێکردنی قۆناغی دووهه‌می که‌مکردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی ئێران به ڕێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕاگه‌یاند.
ناوبراو زیادی کرد: ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران نامه‌یێک بۆ فێدریکا مۆگرینی به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ده‌نێرێت و له نامه‌که‌دا ئاگاداریان ده‌کاته‌وه كه پابه‌ندبوونی خۆمان به ڕێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه.
عێراقچی ڕاشیگه‌یاند: پڕۆسه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونمان به ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه بۆ پاراستنی ڕێککه‌وتنه‌که‌یه و به مانای پێشێلکردن و له‌ناوبردنی نایێت.
ناوبراو زیادیشی کرد: ئێمه مۆڵه‌تی 60 ڕۆژه ده‌ده‌ینه ئه‌ورووپییه‌كان بۆ پاراستنی ڕێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره بۆ كێشه‌كان، ئه‌گه‌ر بێتوو له‌و ماوه‌یه‌شدا ئه‌ورووپییه‌كان نه‌توانن داواكارییه‌كانی ئێران جێبه‌جێ بکه‌ن ئه‌وا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هه‌نگاو به هه‌نگاو پابه‌ندبوونی خۆی به ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كه‌م ده‌كاته‌وه.
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی شه‌وی ڕابردوو (15ی پووشپه‌ڕی 1398)ی نێوان حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران و ئێمانۆیل ماکرۆن سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕه‌نسای به سازێنه‌ر وه‌سف کرد و گوتی: وادیاره که ئه‌ورووپا ده‌یهه‌وێت ڕێچارێک بۆ ڕێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که بدۆزێته‌وه به‌ڵام به بۆنه‌ی گوشاری به‌رفراوانی ئه‌مریکا کارێکی ئاسان نییه. ده‌بێ زه‌مینه‌ی ده‌ستپێکردنی خولێکی نوێی دانووستانه‌کان فه‌راهه‌م بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێچارێک بدۆزینه‌وه.
ناوبراو له کۆتاییدا باسی له‌وه کرد که ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌ورووپی ڕێکنکهوین ئه‌وا قۆناغی سێهه‌می پڕۆسه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونمان به ڕێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که ده‌ستپێده‌که‌ین.
لای خۆشیه‌وه بێهووز كه‌ماڵوه‌ندی وته‌بێژی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران ڕایگه‌یاند که له‌م قۆناغه‌دا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم له 3.6%ه‌وه بۆ 5% به‌رز ده‌که‌ینه‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment