نێچیرڤان بارزانى: کابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ گیانی یه‌ک تیمی ڕووبه‌ڕووی سه‌ختی و قه‌یرانه‌کان بووه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ قۆناغێكى سه‌ختدا هه‌رێمى كوردستانى به‌ڕێوه‌ برد و به‌ گیانى یه‌كتیمى ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و قه‌یرانه‌كان بووه‌وه‌.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 6-7-2019 نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی کوردستان کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌کانی کابینه‌ی هه‌شته‌می حکوومه‌ت ئه‌نجام دا و گوتاری ماڵئاوایی پێشکه‌ش کرد.

نێچیرڤان بارزانی له‌ سه‌ره‌تای په‌یامه‌که‌یدا قوباد تاڵه‌بانی به‌ "برای خۆشه‌ویستی" ناو برد. هه‌روه‌ها پیرۆزباییی دووباره‌ به‌ربژێرکردنه‌وه‌ی بۆ جێگری سه‌رۆکوه‌زیران له‌لایه‌ن یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ لێکرد و گوتی: "کاک قوباد به‌ هه‌موو مانایێک ده‌وڵه‌تداری کرد، هه‌رچه‌نده‌ فشاری زۆری له‌سه‌ر بووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاکسازی بکرێت و ده‌زگاکان بکرێنه‌ دامه‌زراوه‌یی. ڕۆڵێکی گرنگی بینی له‌و چاکسازییانه‌ی له‌ حکوومه‌ت کردمان و جێده‌ستی دیار بوو؛ وه‌ک شه‌فافییه‌ت له‌ پرۆسه‌ی نه‌وت، بایۆمه‌تری و چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی".

ناوبراو باسی سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی هه‌شته‌می کرد که‌ له‌ ڕۆژی یه‌که‌می کابینه‌که‌وه‌ تیمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌وڵی داوه‌ کوردستان بباته‌ قۆناخێکی نوێ و باشتر به‌ڵام وه‌ک خۆی گوتی: "به‌داخه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای 2014ه‌وه‌ قه‌یرانی جددی ده‌ستی پێکرد که‌ سه‌ره‌تا به‌ بڕینی بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌ بیانووی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت بوو، دواتریش هاتنی نزیکه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی داعش که‌ سنووری هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ داعش هه‌زار و 100 کیلۆمه‌تر بوو".

نێچیرڤان بارزانی قۆناخی کابینه‌ی هه‌شته‌می به‌ "سه‌ختترین قۆناخ له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌" ناو برد و ڕای‌گه‌یاند: پێشتر "چی له ‌ڕووی سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌" کوردستان به‌ قۆناخی له‌و شێوه‌یه‌ سه‌ختدا تێنه‌په‌ڕیبوو.

سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی کوردستان هۆکاری تێپه‌ڕاندنی ئه‌و "قۆناخه‌ سه‌خته‌"ی بۆ دوو هۆکار گه‌ڕانده‌وه‌ "یه‌که‌م تێگه‌یشتنی هاووڵاتییان له‌و قۆناخه‌ سه‌خته‌. دووه‌میش کارکردنی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌ک یه‌ک تیم. لێره‌دا ده‌بێ دووباره‌ سوپاسی ڕۆڵی کاک قوباد تاڵه‌بانی و تیمی یه‌کێتی له‌ حکوومه‌ت بکه‌م که‌ هه‌موویان پێکه‌وه‌ مانه‌وه‌ و شانیان دایه‌ به‌ر ئه‌و سه‌ختییه‌ی له‌م ڕێگه‌ماندا هه‌بوو. ئه‌گه‌ر یه‌کڕیزیی و یه‌ک تیمی ئێمه‌ نه‌بوایه‌، سه‌ر نه‌ده‌که‌وتین".

له‌باره‌ی قورسترین بڕیاری کابینه‌ی هه‌شته‌م، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بۆ من وه‌ک شه‌خس و کاک قوبادیش وه‌ک جێگری سه‌رۆکوه‌زیران سه‌ختترین بڕیار له‌ ژیانی سیاسی ئێمه‌دا که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆران بوو. به‌ڵام تێگه‌یشتنی مووچه‌خۆران و هاووڵاتییان ئێمه‌ی له‌و قۆناخه‌ سه‌خته‌ ڕزگار کرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بوایه‌ موسته‌حیل بوو ئه‌و قۆناخه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین، دواتریش مووچه‌ ئاسایی بووه‌وه‌ و سوپاس بۆ خودا چه‌ند مانگێکه‌ مووچه‌ وه‌ک خۆی ده‌درێت. هیوادارین هه‌رگیز ئه‌و ڕۆژه‌ ناخۆشانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌".

سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی کوردستان سوپاسی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی به‌شدار له‌ حکوومه‌تی کرد و جه‌ختی کرده‌وه‌: "هه‌موومان وه‌ک یه‌ک تیم کارمان کرد، به‌ڵام هه‌ڵوێستی سیاسی وای کرد که‌ له‌ یه‌کدی دابڕاین، ئه‌مڕۆش پڕ به‌دڵ سوپاسی هه‌ر یه‌که‌تان ده‌که‌م، چ ئه‌وانه‌ی نه‌مان و چ ئه‌وانه‌ش که‌ مانه‌وه‌. ئیراده‌ی هه‌موومان پێکه‌وه‌ ئێمه‌ی گه‌یانده‌ ئێره. ده‌مه‌وێ لێره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م سوپاسێكی تایبه‌تی کاک ڕێباز حه‌ملان بكه‌م كه‌ له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا وه‌كوو وه‌زیری دارایی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت، كاری زۆر باش و خزمه‌تێكی باشی پێشكه‌ش كرد و ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسی بكه‌م."

چه‌ندین جار سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌ سه‌ختیی قۆناخی ساڵی 2014 تاوه‌کوو 2018 کرد و گوتی: "دۆخه‌که‌ ناخۆش بوو، له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ هه‌موو ئامانجێک ئه‌وه‌ بوو حکوومه‌ت نه‌مێنیت، باسی حکوومه‌تی ئینقازی وه‌ته‌نی و کاربه‌ڕێکه‌ر ده‌کرا. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌بینین به‌ڕاستی ئه‌م چوار- پێنج ساڵه‌ سه‌خت بوون، بۆ هه‌مووان سه‌خت بوون به‌ڵام سه‌رکه‌وتنمان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ پێکه‌وه‌ کارمان کرد. ئێستاش له‌ قه‌یران ده‌رچووین و قۆناخێکی نوێ ده‌ستی پێکردووه‌".

نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی رڕسپێردراو و قوباد تاڵه‌بانی له‌ کابینه‌ی نوێ ده‌ربڕی و ڕای‌گه‌یاند که‌ ده‌توانن قۆناخێکی باشتر له‌وه‌ی ڕابردوو بونیات بنێن له‌ خزمه‌ت کردنی خه‌ڵکی کوردستان.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ پرسی کورد له‌ عێراق بۆ پێش ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵام خوازیارن له‌م قۆناخه‌ نوێیه‌دا له‌گه‌ڵ به‌غدا کێشه‌کان به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکه‌ن و ڕای‌گه‌یاند: "ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێ به‌غدا ده‌رک به‌وه‌ بکات که‌ عێراق به‌پێی ده‌ستوور فیدراڵییه‌ و ده‌بێ مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌ر به‌پێی ئه‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش کارمان کرد، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64809

Your Comment

You are replying to: .
captcha