بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەکرێتەوە

بەشی فەرهەنگ- زانکۆی سەڵاحەدین و کونسووڵی چین بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی بەشی زمانی چینی پێکەوە گفتوگۆیان کرد، کونسووڵی چین ڕایدەگەیەنێت ئەمە هەنگاوێکی مەزنە لە پرۆسەی ئاڵوگۆری کلتووری لەنێوان زانکۆکانی وڵاتی چین و هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس:

لەدیدارێکدا ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و کونسووڵی گشتیی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد لەبارەی کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە کۆلێژی زمان، لەدیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین وتی: لەگەڵ کونسووڵخانەی کۆماری چین ئەوە بە پێویست دەزانین کە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو دابنێین بۆ چۆنیەتیی دانانی پرۆگرامی خوێندن و چۆنیەتیی وەرگرتنی خوێندکار لەو بەشەدا، بەڕەچاوکردنی ئەو تایبەتمەندییانەی زمانی چینی هەیەتی، چوونکە ئێمە یەکەم زانکۆ دەبین لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەشی زمانی چینی دەکەینەوە.

ئەحمەد دزەیی ئەوەشی وت،"بۆ ساڵی تازە ئێمە باڵەخانەیێکی نوێ و تایبەت بۆ ئەم بەشە دابین دەکەین تاکوو لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بەشەکەدا بگونجێت، پلانی ئەوەشمان داناوە بۆ ئەمساڵ ٢٥ خوێندکار لەو بەشە وەربگرین و لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاد دەکەین، هەروەها هەندێک پرۆگرامی تایبەتمان هەیە لەچوارچێوەی سیستەمی نوێی خوێندن پێویستە ئەو پرۆگرامانەش لەو بەشەدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە".

لەبارەی کردنەوەی بەشی زمانی چینیی کونسووڵی گشتیی کۆماری چین لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،"بێگومان ئەمە هەنگاوێکی مەزنە لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی کلتوری لە نێوان زانکۆکانی وڵاتی چین و هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوە گرنگەش هەماهەنگییەکی دۆستانەی باشە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی دەروازەیێکی پتەو دروست بکەین لە پەیوەندییەکانی نێوانمان".

*لە خەندان و ەرگیراوە

News Code 64790

Your Comment

You are replying to: .
captcha