ناوبراو هەروەها لەبارەی کشانەوەی مەسعوود بارزانی لە دەسەڵات و هەڵبژاردنی کوڕەکەی و برازاکەی وەکوو سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم بە کوردپرێسی وت: سەرەڕای هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆک وەزیرانی ئەم ناوچەیە، مەسعوود بارزانی خۆی بڕیاری کۆتایی لەبارەی سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرێمی کوردستانی عێراق پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و پاشهاتەکانی لەوان لەدەست دانی نیوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هەرێمە وەکوو کەرکووک گۆڕانکاریی زۆری بەخۆوە بینیوە. لەو گۆڕانکارییە گرینگانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە کشانەوەی مەسعوود بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێم، نفووزی کەم وێنەی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستان بە پاساوی لێدانی پەکەکە و دەسەڵاتدارێتیی کەسایەتییێکی نزیک بە کورد لە بەغدا وەکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق. ئەم گۆڕانکارییانە کارتێکەریی ئەرێنی و نەرێنیی زۆی لەسەر هەرێمی کوردستان داناوە. ئاژانسی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم گۆڕانکارییانە گفتوگۆیێکی لەگەڵ دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی میزۆری-ی ئەمەریکا و هەروەها لێکۆڵەری بواری کوردەکان ئەنجام داوە.
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی چەند پرسیاری گرینگی وەکوو هۆکاری بێدەنگی ڕاگرتنی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، نفووزی بارزانی لەسەر دەسەڵاتی نێچیرڤان و مەسروور بارزانی و داهاتووی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ دایەوە.
ڕۆمانۆ بڕوای وایە کوردی عێراق بژاردەیێکی دیکەی جگە لە بێدەنگی ڕاگرتن لەبەرامبەر هێرشی تورکیا نییە. ناوبراو لەبارەی کاریگەریی نفووزی بارزانی لەسەر سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان وتی: بارزانی ئازادیی جووڵە کردن لە نێچیرڤان و مەسروور بارزانی دەسێنێت و حزبی دیموکرات و مەسعوود بارزانی قەد مۆڵەت نادەن ناکۆکییەکانی ناوخۆی حزب بدرکێندرێن.
دەقی دیمانەکەی ئاژانسی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ مامۆستای زانکۆی میزۆری-ی ئەمەریکا بخوێنەوە:
کوردپرێس: لە حاڵێکدا کە مەسعوود بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێم کشاوەتەوە هێشتا دەسەڵاتداریی بەدەستەوە ماوە. ئەم پێکهاتەیە ئێستا بە «بارەگای بارزانی» ناسراوە و دەوترێت نیشاندەری پێگەی نوێی بارزانییە. ئایا ئەمە پیشاندەری پۆستێکی هاوشانی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمە؟ ئایا ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت دەسەڵاتدارێتیی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێم بەرتەسک کاتەوە؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: جودا لە باسی فیزیکی وەکوو دامودەزگا و پێکهاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی مەسعوود بارزانی وەکوو ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان یا KDP و سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی لە سیاسەتکانی هەرێمی کوردستان بەرچاو دەبێت. ئەم بابەتەش بە زۆر شتەوە بەسراوە و دەتوانێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت. هەم سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) و هەم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ڕوانگەکانی کاک مەسعوود لە هەموو بوارەکاندا بە گرینگ دەزانن کە ئەمەش سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.
کوردپرێس: پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی نێچیرڤان و مەسعوود بارزنی چۆن دەبینن و چ گۆڕانکارییێک بەخۆوە دەبینێت؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: پێگەی بارزانییەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەغداش ناسراوە. ئەوان پێوەندییێکی باشیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و تەعامولیان باشە و منیش ئەم بابەتە بە ئەرێنی و باش ئەسف دەکەم.
کوردپرێس: دوو کێشەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدا پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان و مەسەلەی نەوت و گازە. ئایا لە ساڵانی داهاتوودا ئەم پرسە چارەسەر دەکرێت؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: بە دڵنیاییەوە پرسەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدیدا لەچاو سەردەمی حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی پێشکەوتنێکی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. هەردوو لایەنەکە دەبێت لەبارەی ئەو پرسانەی ناکۆکییان لێدەکەوێتەوە سازش بکەن، بۆ نموونە بەغدا نابێت هەموو کارتە داراییەکانی نەوت وگازی بەدەستەوە بێت چوونکە لەم حاڵەتەدا خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان بێ مانا دەبێت. هەرێمی کوردستانیش دەبێت دان بە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لەبەرامبەر بەغدا-دا بنێت و داهاتەکان لەگەڵ ناوەند دابەش بکات. فیدراڵییەت هەر بۆ ئەو شتانەیە و پارە زۆر ئاسانتر لە شتەکانی دیکە دابەش دەکرێت. ستراتێژییەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هیدرۆکەربۆنەکانەوە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی بۆ خەڵکی عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە. هەرێمی کوردستان ئێستا کە بۆرۆکراسییەتی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆی گرتۆتە بەر بۆتە هۆی نادیدەگیرانی پیشەی گازی سروشتی و دەتوانێت بە هۆی ئەو سەرمایانەی لە بەشەکانی دیکەدا هاتۆتە هەرێم، گازی دیکەی ناوچەکانی عێراق دابین بکات. بە کورتی کەشەکە ڕەخساوە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا هەردووک دەستیان بە سەرچاوەکان بگات. ئەوەش بەستراوە بەوەوە کە هەرێمی کوردستان بەغدا دڵنیا بکات کە نیازی نیە کار بۆ کیانی سەربەخۆ بکات و بەغدا مل بەوە بدات کە قسەی ئەوەڵ و ئەخیر لەبارەی هیدرۆکاربۆناتەوە نەکات.
کوردپرێس: دەوترێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەکوو دیکەی حیزبە کوردییەکان گیرۆدەی ململانێی ناوخۆیە بەڵام مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوم حیزبە ڕێگە نادات ئەو ناکۆکییانە هەڵماڵیەت بۆ دەرەوەی حیزبەکە. ڕای ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: بەڵێ. ڕاستە. هۆکاری مەعقوولیشی هەیە. چ پارتی و چ مەسعوود بارزانییش زیرەکتر لەوەن کە ڕێگە بدەن ڕکابەری و ململانێی ژێربەژێری نێوحیزبەکەیان ئاشکرا ببێت و کەسانێک ئەو ناکۆکییانە بقۆزنەوە کە دڵیان لای بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نییە. نموونەی بەرانبەرەکەی ململانێی نێو یەکێتییە کە بەغدا توانیویەتی ئەو ململانێیە بقۆزێتەوە و هەر ئەوەش کاریگەریی بووە لە سەر بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان.
کوردپرێس: 9 مانگە هەڵبژاردن کراوە بەڵام ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی ڕێگەی نەداوە کابینە نوێ پێکبهێنرێت. هیچ هیوایێک بە ڕێککەوتنی ئەو دوو حیزبە هەیە؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: هەموومان هیوای ئەوەمان هەیە بگەنە ڕێککەوتن.
کوردپرێس: سەرەڕای ئەوەی تورکیا ئوپەراسینی فراوان لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات بەڵام پارتیش و یەکێتییش لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگن. بۆچی؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: چاریان ناچارە کە بێدەنگ بن. هەرێمی کوردستان دەستی بە دەریا ناگات و چوار دەوری وشکە. ئەگەر کەس ڕێگایێکی دیکە شک دەبات بۆ ئەوەی هەرێم دەستی بە ئاو بگات با بڵێت. هەرێمی کوردستان دەبێت پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە سەلامەت بهێڵێتەوە و لە لایێکی دیکەشەوە وریای ئەوە بێت کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ گرووپێکی کوردی (پەکەکە) ڕوونەدات.
کوردپرێس: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت مەبەستیەتی بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە ڕێگە نەدات ئەو هێزانە بە دەست یەکێتی و پارتییەوە بن ئایا ئەوەیان پێدەکرێت؟
دوکتور دەیڤید ڕۆمانۆ: بەڵێ. ئەوە نامومکین نیە. بەڵام ئەو مەسەلەیە پێویستی بە نیازپاکی و متمانەبەخۆبوون هەیە و دەبێت هەردوو حیزب گۆڕانکاری لە خۆیاندا بکەن. پێویستە پارتی زیاتر لە جاران دابەشکردنی پۆست بکات و پێبەند بێت بە لامەرکەزیەت. یەکێتییش دەبێت کۆمەڵێک فەرماندەی سەربازیی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئەو فەرماندانە نەتوانن هێزی پێشمەرگە وەکوو پاسەوانی خۆیان بەکار بهێنن. هەروەهاش دەبێت یەکێتی فەرماندەکان و پڕۆسەی فەرماندەییی ڕوون و ئاشکرا بن چوونکە ئەگەر وا نەبێت وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ناتوانێت کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەکانی یەکێتی بکات. لەم قۆناغەدا گواستنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر ئاسانترە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment