ئه‌كره‌م ئیمامۆغڵو سوپاسی ده‌میرتاش ده‌كات

بەشی تورکیا- سه‌رۆكی گه‌وره‌ شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵ لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە کۆ بووەوە و سوپاسی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاشی كرد و رایگەیاند: "منیش وه‌ک هاووڵاتییێک پرسیار ده‌كه‌م، ده‌میرتاش بۆچی ده‌ستبه‌سه‌ره‌؟ منیش ده‌مه‌وێت له‌وه‌ تێبگه‌م".

کوردپرێس: دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سه‌رۆكی گه‌وره‌ شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵ سه‌ردانی باره‌گای لقی رێكخستنه‌كانی هه‌ده‌پەی‌ له‌ ئیسته‌نبووڵ كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ده‌په‌ كۆبوونه‌وه‌یێكی داخراوی ئه‌نجامدا.

دواتر له‌ كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌ڤانیدا، ئیمامئۆغڵو ستایشی رۆڵ و پشتیوانییه‌كانی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاشی كرد و گوتی، باره‌گای هه‌ده‌په‌ یه‌كه‌م شوێن بووه‌ كه‌ سه‌ردانیكردووه‌ و دواتر سه‌ردانی باره‌گاكانی پارتی سه‌عاده‌ت و ئیی پارتیش ده‌كات.

ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له‌باره‌ی ئازادنه‌كردنی ده‌میرتاش و رایگه‌یاند پێیخۆشە سه‌ردانی ده‌میرتاش بكات.

ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو سه‌رۆكی گه‌وره‌شاره‌وانیی ئیسته‌نبووڵ رایگەیاند: "به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی 23ی حوزه‌یران، هه‌ڵوێست و بۆچوونی خۆم له‌باره‌ی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش راگه‌یاندبوو، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی خۆشم پێشكه‌شیان كرد به‌هۆی هه‌ڵوێست و پشتیوانییه‌كانیان. ئه‌م هه‌ڵوێست و بۆچوونانه‌ بۆ ئێمه‌ مایه‌ی بایه‌خه‌، منیش وه‌ک هاووڵاتییێک پرسیار ده‌كه‌م، ده‌میرتاش بۆچی ده‌ستبه‌سه‌ره‌؟ منیش ده‌مه‌وێت له‌وه‌ تێبگه‌م. بۆیه‌ من پشتیوانی ده‌بم و پشتیوانی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بم كه‌ به‌هۆی عەقڵییەتی دادگاكانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون و له‌ زینداندان. ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكی هه‌بێت، ده‌زانین كه‌ چه‌ندین كه‌س له‌ زیندانه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و چه‌ندین خێزان رووبه‌ڕووی كاره‌سات بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌م پێشێلكارییه‌ زه‌قانه‌ له‌ رووی دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ هه‌رگیز مایه‌ی قبووڵ كردن نیین. پێویسته‌ به‌هه‌موو شێوه‌یێک ئه‌م دۆخه‌ پڕ نه‌هامه‌تییه‌ چاره‌ بكرێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێت سه‌ردانی ده‌میرتاش ده‌كه‌م له‌ گرتووخانه‌دا".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64757

Your Comment

You are replying to: .
captcha