کوردپرێس: رۆژی 27/6/2019 لە گرتەیێكی ڤیدیۆییدا كە میدیای سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویان كردەوە، گرووپێكی دەمامكداری چەكدار خۆیان وەک "هێزی پاراستنی جەوهەری" ناساند و رایانگەیاند كە بنكە و بارەگاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج.
لەو راگەیێندراوەدا كە چەكدارێكی گرووپەكە دەیخوێنێتەوە دەڵێت: "دەوڵەتی عوسمانیی نوێ داگیركارییێكی نوێ لەسەر گشت كوردستان و بە تایبەتی هەرێمەكانی برادۆست و كەركووک و بادینان بەڕێوەدەبات، بەداخەوە چەند هێزێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم داگیركارییە نوێیە هاوكارن و بێ هەڵوێستن".
لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج بنكەی سەربازیی سوپای توركیا هەن. ئیدریس هەركی، سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رەتیكردەوە راگەیاندنی ئەو گرووپە كار لە رەوشی ئەمنیی ناوچەكە بكات و گوتی "دڵنیاین هیچ كاریگەرییێكیان نابێ و هیچ چالاكییێكیش ناكەن".
هەركی باسی ئامانجی ئەو گرووپەی كرد و گوتی: "ئامانجی ئەو گرووپە تەنیا ئەوەیە كە هێزەكانی پەكەكە دەیانەوێت بەرێگای ئەو كارانە، گوشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان".
لە نیوەی دووەمی نەوەتەكاندا كاتێک شەڕ لە نێوان پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دروست بوو، توركیا هێزێكی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد و پێنج بنكەی سەربازی لە سنووری پارێزگای دهۆک، بە تایبەتی لە قەزای ئامێدی جێگیر كرد كە ژمارەیان زیاتر لە 500 سەرباز دەبێ بە زرێپۆش و چەكی قورس و مامناوەندەوە.
توركیا بە پاساوی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە زوو زوو هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات، بە تایبەتی ناوچە سنوورییەكان، بەو هۆیەشەوە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 كەسی سڤیل كوژراون. هەر بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی توركیا و پەكەكە 361 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک چۆڵ بوون.
رۆژی 26ی شوباتی 2019 لە سەنتەری ناحیەی دێرەلووكی سەر بە قەزای ئامێدی خۆپێشاندانێک بۆ پرۆتستۆ كردنی كوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەوە كرا، دواتر بەشێک لە خۆپیشاندەران چوونە سەر بنكەیێكی سەربازیی توركیا و ئاگریان لە بەشێكی سەربازگەكە بەردا، بەو هۆیەشەوە گەنجێكی 17 ساڵان كوژرا و 10 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە دوای ئەو ئاڵۆزییە هێزێكی پێشمەرگە نێردرانە سنووری قەزای ئامێدی، لە چەند رۆژی رابردووشدا ژمارەی ئەو هێزانە زیاتر كراون. ئەمەش دەنگۆی ئەگەری پێكدادانی پێشمەرگە و گەریلای بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڵام سەرچاوەیێكی ئاگادار لە سنووری قەزای ئامێدی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و رایگەیاند: "ئەو هێزە لە سنووری قەزای ئامێدی دەمێنێتەوە، ئێستا زۆرتر لە نێو ئاوەدانیدان، بەڵام لە چەند شوێنێكی دیكەش لە دەرەوەی ئامێدی جێگیر دەكرێن، ئامانجەكەش تەنیا پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكەیە نەک رووبەڕووبوونەوەی هێزی دیكە".
لە تۆڕی میدیایی ڕووداو وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment