دانیشتنی پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرکووکەوە دیسان ئەنجامی نەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆتایی هات و لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، کە بیروبۆچوونەکانیان لەبارەی دانانی کەسێک بە پارێزگاری کەرکووک لەیەکەوە نزیکن بەڵام هیچ ئەنجامێکی ڕوون نەخرایە ڕوو.

کوردپرێس:

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بە یەک تیم باسی پرسی پارێزگاری کەرکووک و هەماهەنگییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و چەند بابەتێکی دیکە کران".

دڵشاد شەهاب گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کرا هەنگاونانی رژدی بوون و بیروبۆچوونەکانمان زۆر لەیەکەوە نزیکن و سەبارەت بە دانانی کەسێک بە پارێزگای کەرکووک. هەروەها لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لێکتێگەیشتنی روون هەن".

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دڵشاد شەهاب گوتیشی "دەبێت پارێزگاری کەرکووک کاندیدێکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی و لیستی برایەتی و سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک بێت، لەبەرئەوە هەر رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتی بکرێت دەبێت رێز لە پێکهاتەکانی دیکەش بگیرێت و بیروبۆچوونەکانیشمان زۆر لەیەوە نزیکن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە دا "هەڵسەنگاندمان بۆ دۆخی ئێستای کەرکووک کرد و ئومێدمان زۆرە کە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و گفتوگۆش لەسەر ناوهێنانی یەکێک لەو بەڕێزانەی کەسایەتی ئەو شارەن و خزمەتی کەرکووکیان کردووە و دەبێت پارێزگاری هەموو پێکهاتە و بیروبۆچوونە جیاوازەکان بێت".

هەروەها لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا تەئکیدی لە قسەکانی دڵشاد شەهاب کردەوە و رایگەیاند: "هەموومان دەبێت پەلەبکەین لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دڵسۆزی خۆمان وەک شەریکێکی راستەقینە دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی داهاتوودا و تەئکیدمان کردەوە کە دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا کابینەی تازە پێکبهێندرێت".

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: " ئامادەکارییەکانمان لەبارەی پرسی کەرکووک دەستپێکردووە و دەبێت هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دڵنیابکەینەوە کە هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێت".

ئەمڕۆ لە ئاستی باڵادا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، شاندەکەی پارتی پێکهاتبوون لە: مەحموود محەممەد، دڵشاد شەهاب و فرسەت سۆفی و ئومێد سەباح. شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتبوون لە: حاکم قادر حەمەجان، لەتیف شێخ عومەر، خالد شوانی و شاڵاو کۆسرەت رەسوول.

بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتێکی دیکە بۆ ئەوەی پێکھێنان و راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەت بارگاوی نەبێت بە ناکۆکیی خراپتر لەوەی ئێستا ھەیە، پەرلەمانی کوردستان چاوپۆشی لە بەشێکی پشووەکانی خۆی کرد و 15 رۆژ کەمتر پشوو وەردەگرێت، ئەوەش بە ھیوای ئەوەی تاوەکو رۆژی 12ی مانگی تەمموز، مەسروور بارزانی لیستی ناوی بەربژێرەکانی بۆ پۆستە وەزارییەکان بداتە پەرلەمان. ھیوایێک کە لایەنەکان پێیانوایە دەکرێ کێشەکانی تێدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێن.

ھەندێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی پێیانوایە لە ھەفتەیەکی یەکلاکەرەوەدان، بەڵام رووداوەکانی چەند مانگی رابردوو کە پڕ بوون لە ھۆشداری و زەنگی وریاکەرەوە بۆ پێکھێنانی حکومەت، دەریانخست ھێشتا ئەو دوو حیزبە نایانەوێ یەکتری بەجێبھێڵن، ھەرچەندە مەرجەکانیان پێکەوە ھەڵکردنی قورستر کردووە.

بڕیار بوو رۆژی 19ی حوزەیران کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان بێت و پرسی رادەستکردنی ناوی بەربژێرەکان یەکلایی ببێتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی پێش ساخکردنەوەی ناوی بەربژێرەکانی، پرسی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتنی لەسەر بکرێت. ئێستا ھەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوەن لەم ھەفتەیەدا ناوی پارێزگاری داھاتووی کەرکووک مۆری ھاوبەشی ھەردوو حیزبی لێبدرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 64687

Your Comment

You are replying to: .
captcha