کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەممە 1-7-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمانێکی دیوانیی ژمارە (237) چەندین بڕیاری لەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد، لەوانە: هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لە هێزە چەکدارەکان، لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکداران دەبێت، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەرپرسیانە و لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا حەشدی شەعبی بچێتە نێو هێزە فەرمییەکان و هەموو ئەو بارەگایانەی کە ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لەسەرە دابخرێن.
لە فەرمانەکەی عادل عەبدولمەهدیدا هاتووە، دەبێت حەشدی شەعبی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان رابگرێت، هەموو ئەو بارەگایانەی کە ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییان لەسەرە دادەخرێن و هەموو بازگەکانیان دادەخرێن. ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بچنە نێو هێزە فەرمییەكان و بڕیارەكانیش تا كۆتاییی ئەم مانگە دەكەونە بواری جێبەجێ كردنەوە.
بەپێی ئەو فەرمانە، هێزەكانی حەشدی شەعبی تەنها ملكەچی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەبن و ئەویش لای خۆیەوە مافی ئەوەی هەیە سەرۆكی حەشدی شەعبی دیاری بكات.
بەپێی بڕیارەکە، هەموو ئەو ناوانە نامێنێت کە پێشتر هەبوون و هێزەکانی حەشدی لە جەنگی دژی داعش بەکاریان هێناوە.
رێکخستنی سەربازیش دەبێتە (فرقە، لیوا، فەوج .. هتد)، حەشدی هۆزەکان یاخود هەر هێزێکی دیکەی خۆجێی لەسەر ئاستی نیشتمانی، کارمەندەکانیان پلەی سەربازی کارپێکراوی هێزە چەکدارەکان هەڵدەگرن.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری داوە، ئەو هێزانەی نایانەوێت پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانەوە بکەن دەتوانن ببنە رێکخستنێکی سیاسی ملەکەچ بۆ یاسای پارتەکان، یاسا، رێکخستنەکانی کاری سیاسی و کۆمەڵگەیی.
هاوکات رێگە نادرێت ئەو هێزانە چەک هەڵبگرن تەنها بە مۆڵەت نەبێت، ئەوەش بۆ پاسەوانی بارەگانیان و بەرپرسەکانیان وەک تەواوی رێکخستنە سیاسییەکان. هەموو ئەو بارەگایانەش دادەخرێن کە ناوی هێزەکانی نێو حەشدی شەعبیان لەسەرە لە شار یاخود دەرەوەی شارەکان.
هەر لە درێژەی بڕیارەکانیدا هاتووە، رێگە بە هیچ هێزێکی چەکداری نادرێت بە نهێنی یاخود ئاشکرا کاربکات لە دەرەوە رێنماییەکان، ئەوکات بە دەرچوو لە یاسا دادەنرێت و دەستگیردەکرێت.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی جەختی لەوەکردووەتەوە 31-7-2019 وەک دوایین وادە دیاریکراوە بۆ کۆتایی هێنانی کارەکان بەپێی ئەو رێکارانە، دواتریش بڕیار دەردەچێت لە بارەی پەیکەری حەشدی شەعبی و هێزەکانی.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment