كەجەكە هۆشداری دەداتە پارتی و یەكێتی 

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت “بێدەنگی یەكێتی و پارتی و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا جێگەی قەبووڵكردن نییە”.

کوردپرێس:

لە ڕاگەیانداوەكەی كەجەكەدا هاتووە: “بەهۆی هێرشەكانی دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا و هەرێمی كوردستان، چەندین هاووڵاتیی مەدەنی و سڤیل كوژراون. بێدەنگیی پارتی دیموكراتیی كوردستان (پەدەكە) و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (یەنەكە) و بەڕێوەبەریی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا جێگەی قبوڵ نییە”.

ئاماژە بەوەش دەكات “گەلی كورد و ڕای گشتیی هەرێمی كوردستان لەو بێدەنگییە سەریان سووڕماوە. هیچ پاساو و بیانوویەك بۆ ئەو بێدەنگبوونەی هێزە سیاسییەكان و بەڕێوەبەریی هەرێمی كوردستان بوونی نییە. ئەگەر ئەو بەڕێوەبەرانەی ئێستا و هێزە سیاسییەكان لە دژی كوشتنی سڤیل بێدەنگ بمێننەوە، ئەوا بانگەشەكانیان كە دەڵێن، ئێمە نوێنەری گەلین دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە”.

ئاماژە بەوەش دەكات “هێرشە داگیركەرییەكانی ئاكەپە و مەهەپە بە تەنها لەسەر پەكەكە نییە. هەڵوێستی دەوڵەتی تورك لە كاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئاڵۆزیی كەركوك لە گۆڕێیە. بە ڕای ئەوان (ئاكەپە و مەهەپە) موسڵ و كەركوك و خاكی هەرێمی كوردستان خاكی ئەوانە و بۆ ئەوەش هەرێمی كوردستان داگیر دەكرێت. كاتێك ئەو ڕاستییە لەگۆڕێدا بێت، بێدەنگبوون لە بەرامبەر هێرش و كۆمەڵكوژییەكان بە واتای ئەوە دێت كە ئەوانیش هاوبەشی ئەو كۆمەڵكوژییەن”.

ئاشكراشیكرد “هێزە سیاسییەكان تەنها هاوبەشی هێرشە داگیركارییەكان نین، بەڵكو لە هەمان كاتدا بە ڕێكخستنە هەواڵگرییەكان لە شوێنی گەریلاكان دەدەن. لەگەڵ میت هەوڵ دەدەن شوێنەكانی گەریلا ئاشكرا بكەن لەو شوێنانە بدەن. بە دەیان ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوویانداوە. زۆر بەڵگە و زانیاریمان لەبەرەستدایە، كە یەكینە هەواڵگرییەكان لە هەرێمی كوردستان و میتی تورك پێكەوە كار دەكەن. ڕایدەگەیەنین، ئیدی ڕێگە بەو دۆخە نادەین، ئیتر ڕێوشوێن دەگرینەبەر و لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكەین كە بەرپرسی ئەو كارەن”.

كەجەكە هۆشداری دەداتە هێزەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت “جێگەی قبووڵ نییە هێزە سیاسییەكانی كورد زانیاریی هەواڵگری بدەنە دوژمنی هێزێكی كورد. بانگەواز بۆ هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە دەبێت لە دژی هێرشە داگیركەرییەكان هەڵوێستیان ڕوون بكەنەوە و ڕێگە لەو كەسانە بگرن كە زانیاریی هەواڵگریی دەدەنە دەوڵەتی تورك”.

ڕاشیگەیاند “بانگەواز بۆ گەلی هەرێمی كوردستان، ڕێكخستنە سڤیل و كۆمەڵگەیی و هێزە دیموكراسییەكان دەكەین، با لە دژی جموجوڵی داگیركەری بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەنگی خۆیان هەڵبڕن و لە بەرامبەر ئەو كەسانەی لە دژی بزووتنەوەی ئازادی لەگەڵ دوژمن كار دەكەن هەڵوێستی خۆیان ڕوون بكەنەوە و پشتگیریی تێكۆشانەكەمان بكەن لەدژی داگیركاریی و هێرشەكان”.

News Code 64682

Your Comment

You are replying to: .
captcha