عێراق ئاسایشی باڵیۆزخانه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی توندتر ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاراستنی كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌غدا ڕای‌گه‌یاند: له‌ سنووری باڵیۆزخانه‌كانی به‌غدای پایته‌خت ڕێوشوێنی ئه‌منیی توندوتۆڵترمان گرتۆته‌به‌ر و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كار و چالاكییه‌كانمان ده‌ست پێكردووه‌.

کوردپرێس:

لیوا ڕۆکن عامر سه‌ددام به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاراستنی كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌غدا له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا گوتی: له‌سه‌ر فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی دیكه‌ له‌م وڵاته‌ و ڕێگری كردن له‌ هه‌ر هێرشێک بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ دیپلۆماتییه‌كان ڕێوشوێنی توندی ئه‌منیمان گرتۆته‌به‌ر.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌ زیادی کرد: ئه‌و هه‌نگاوه‌ دوای ئه‌وه ‌دێت عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ میانی لێدوانێكیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نێرده‌ دیپلۆماتكاره‌كان و باڵیۆزخانه‌كان (هێڵی سوورن) و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕێگه ‌نادات به‌ هیچ شێوازێک ئه‌و هێله‌ ببه‌زێندرێت.

ناوبراو گوتیشی: "له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌دا هێزی ئه‌منیی زیاتر ڕه‌وانه‌ی سنووری ئه‌و ناوچانه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن كه‌ باڵیۆز و كه‌سایه‌تییه‌ بیانییه‌كان تێیدا نیشته‌جێن".

عامر سه‌ددام ڕاشی‌گه‌یاند: "پلانه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاوشێوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر باڵیۆزخانه‌ی به‌حره‌ین له‌ عێراق ئه‌نجام درا".

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64669

Your Comment

You are replying to: .
captcha