به‌رهه‌م ساڵح: عێراق به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌شداری‌كردن له‌ چه‌سپاندنی سه‌قامگیریی‌ ناوچه‌كه‌ چڕ ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ شاندێکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆ بووه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ عێراق به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ به‌رده‌وام بوونی ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدا بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌دا.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ی حوزه‌یرانی 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی کرد له‌ مه‌نسوور ئه‌لعه‌ته‌بی سه‌رۆکی ئێستای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ سه‌ردانی عێراق ده‌که‌ن.

له‌ میانی دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ عێراق ھه‌وڵ ده‌دات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ سه‌ر ھه‌ر دوو ئاستی ناوچه‌که‌ و جیھاندا بۆ به‌شداری کردنی له‌ ھه‌وڵه‌کانی بونیادنانه‌وه‌ و چه‌سپاندنی سه‌قامگیری و خواستی ڕاسته‌قینه‌ی عێراقیش بۆ چاره‌سه‌کردنی پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به ‌ڕێگاچاره‌ی سیاسی و ھاندان بۆ گفتوگۆ له ‌نێوان گشت لایه‌نه‌کاندا.

ھه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆککۆماری عێراق جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ھه‌رچه‌ند عێراقییه‌کان سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر تیرۆردا و ناوچه‌کانیان ڕزگار کرد به‌ڵام ھێشتا ئه‌رکی گه‌وره‌یان له‌ پێشه‌ بۆ پارێزگاری کردن له‌ یه‌کڕیزی و به‌دیھێنانی خۆشگوزه‌رانی ئه‌وه‌یش به ‌بێ یارمه‌تیی ڕِێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و وڵاتانی دۆست به‌دی نایه‌ت.

له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌نسوور ئه‌لعه‌ته‌بی پشتیوانیی خۆی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی بۆ گه‌ل و حکومه‌ت و سه‌روه‌ری عێراق دووپات کرده‌وه‌ و ستایشی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ھاوسه‌نگه‌ی عێراقی کرد که‌ په‌یڕه‌وی ده‌کات و به‌په‌رۆشه‌ بۆ پابه‌ندبوون به ‌بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌، ڕاستی ئه‌و ئاراسته‌ سیاسی و کرانه‌وه‌ی عێراقیش به ‌ڕووی ناوچه‌که‌ و جیھاندا ده‌گه‌یه‌نێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64649

Your Comment

You are replying to: .
captcha