پەکەکە نامەیێکی هۆشداریی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسێکی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند كێشەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان «پەكەكە» توندتر دەبێتەوە‌ و چوار كادری پارتی لە لایەن پەكەكەوە بە تۆمەتی سیخوڕی كردن دەستگیر دەكرێن و نامەیێكی هۆشداریش ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دەكرێت.

کوردپرێس: بە پێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی ئاژانس كە لە چەند سەرچاوەیێکی ناو پەكەكەوە دەستی كەوتووە، مانگی ڕابردوو ئەو حزبە چوار كادری پارتیی لە سنووری بارزان و بادینان بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ دەزگای هەواڵگریی توركیا دەستگیر كردووە.

بە وتەی سەرچاوەیێكی به‌رپرسی یەكێتیی: «لە چەند ناوچەیێكی برادۆست و شێروانی مەزن لە سنووری بادینان پێشمەرگەكانی پارتی چەند ناوچەیێكیان چۆڵ كردووە و ڕادەستی هێزەكانی توركیایان كردووە تا بیكەنە بارەگای خۆیان، لەوانە: گوندی هەلانەی ناوچەی شێروانە و گوندەكانی سنووری ناحیەی كانی ماسی.

بێریتان چیا، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل «هەپەگە» كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە لە بادینان بە «ئاژانس»ی ڕاگەیاندووە: پارتی هاوكاریی سوپای توركیا دەكات لە دژی ئێمە، ئەمە ڕاگەیاندنی شەڕێكی هاوبەشە لە دژی هێزەكانی گەریلا، لە دۆخێكی ئاواشدا بۆ ئێمە جیاوازی لە نێوان سەربازی تورک و پێشمەرگە نییە كە لە دژی گەریلا شەڕ بكات.

ئەو فەرماندەیەی هەپەگە باسی لەوەش كرد، بەرپرسانی پارتییان لەو هاوكارییانە ئاگادار كردووەتەوە و هۆشدارییان پێ داون لەوەی ئەگەر پێشمەرگە یان هەر كەسێكی تر هاوكاریی سوپای توركیا بكات یان زانیاری بداتە ئەوان گەریلاكانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

خراپیی دۆخی پەیوەندیی نێوان پەكەكە و پارتی گەیشتووەتە ئاستی نامەگۆڕینەوە و پەكەكە نامەیێكی هۆشداریی ناردووە بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و داوایان كردووە كە چیتر پێشمەرگە و كادرەكانی پارتی هاوكاریی سوپای توركیا نەكەن و بۆ سەلماندنی قسەكانیان بەڵگەی وێنەیی ‌و ناسنامە و تەواوی زانیاریی شوێنی كاركردنی ئەو كادرانە و ئەندامانی میت كە بەیەكەوە دەستگیر كراون هاوپێچی نامەكە كردووە و ئاڕاستەیان كردووە.

هاوكات پەكەكە پەیامێكی تری ئاڕاستەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و تیایدا داوایان كردووە پارتی هێڵی نەتەوەیی بگرێت و هاوكاریی سوپای توركیا نەكات.

سەرچاوەیێكی بەرپرسی پەكەكە وێڕای پشتڕاست كردنەوەی زانیارییەكان ئاشكرای كرد، پارتی وەڵامی نامەكەی داوەتەوە و تەئكیدی لەوە كردووەتەوە بە هیچ شێوەیێک هاوكاریی سوپای توركیایان نەكردووە و هەر كەسێكیش ئەوەی كردووە بڕیاری تاكەكەسی بووە و گوزارشت لە پارتی ناكات‌ و داواشی لە پەكەكە كردووە موراعاتی دۆخی هەرێم بكەن و بیانوو نەدەنە سوپای توركیا و نیگەرانیی خۆشیان لە دەستگیركردنی ئەو كادرانەیان دەربڕیوە و ڕایانگه‌یاندووه‌، هەر كەسێک تۆمەتێكی لەسەرە پێویستە پەكەكە حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكاتەوە له‌ ڕێی دادگاكانی هەرێمەوە.

ئەوەش لە پاش ئەوە دێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا موراد قەریلان، سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێ كوردستان «كەجەكە» لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی حزبەكەی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە لە سنوورەكانی هەرێمەوە هاوكاریی توركیا دەكرێت و زانیاریی هەواڵگرییان پێ دەدرێت و وتیشی: «ئەمە دۆخێكی زۆر ترسناكە، هەڵەیێكی زۆر گەورەیە بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان، پێویستە بەپەلە كۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت.

هاوكات دۆران كاڵكان، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری «كەجەكە» لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی ئەوەی دا كە ئەگەر پارتی هەوڵ بدات وەک ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ توركیا ڕێک بكەوێت و لە گەریلا بدات، شەڕ ڕوو دەدات.

لە بەرانبەردا ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە كە حزبەكەی هاوكاریی سوپای توركیای كردبێت و جەخت دەكاتەوە، پەكەكە بیانوو دەداتە توركیا بۆ ئەوەی هێزەكانی خۆیان ڕەوانەی خاكی كوردستان بكەن و زیان بەر خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەوێت.

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاندووە: ئەو تۆمەتانە ئەسڵ و ئەسیاسیان نییە، پارتی حەز ناكات لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا پەكەكە و توركیا شەڕی حساباتی خۆیان بكەن، چی بەرژەوەندییێک لەوەدایە پارتی بچێت پێش سەربازی توركیا بكەوێت لە دژی پەكەكە، ئەوە تۆمەتێكی ناڕەوایە لە دژی پارتی و كادرەكانی دەكرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64598

Your Comment

You are replying to: .
captcha