کوردپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت تورکیا پەلکێشی ناکۆکیی ناوخۆی وڵات بکەن ئەوەش لەکاتێکدایە گۆڕانکاریی زۆر لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات. بەڵام ئێمەش هەرگیز دەست لە ئەولەویاتی سیاسی و ئابووری و دیپڵۆماتیکی و ئەمنیمان بەر نادەین.
ئەردۆغان پاش هەڵبژاردنەکەی شارەوانیی ئەستەنبوڵ دیسان زوڕنای شەڕی تیرۆری لێدایەوە و ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆر.
ناوبراو ئاماژەی بە ڕاسپاردەکەی عەبدوڵا ئوجەلان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ئەستەنبوڵیش کرد کە وتبووی کورد لەو هەڵبژاردنەدا بێ لایەن بێت بەڵام سەڵاحەدین دەمیرتاش لە نامەیێکدا ڕایگەیاند هەدەپە لەو هەڵبژاردنەدا سیاسەتی خۆی ناگۆڕێت و پشتگیریی جەهەپە دەکات.
ئەردۆغان ئەم ڕاجیاوازییەی دەمیرتاش و ئوجەلانی پێ خۆش بووە و لە لێدوانەکەیدا ئوجەلانی بە سەرکردەی تیرۆریستەکان ناو بردووە و وتوویەتی: ئەگەر خوێندنەوەیێک بۆ سەرۆکی تیرۆریستەکان لە زیندانی ئیمرالی بدەین ڕوون دەبێتەوە کە لە ساسەتی ناوخۆش و لە سیاسەتی هەرێمییشدا ڕاجیاوازیی جیدییان لە ناوخۆیاندا هەیە.
ناوبراو لەبارەی ئەو گرژییانەوە کە لە کەنداوی فارس لە نێوان ئەمریکا و ئێران دروست بووە ڕایگەیاند ئەو گرژییانە سەرچاوەیێکی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر تورکیا. نەک هەر بۆ تورکیا بەڵکوو بۆ هەموو جیهان.
Your Comment