سەلاحەدین دەمیرتاش لە نێو کورددا نفووزی زیاترە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان

بەشی جیهان- پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت کوردەکانی تورکیا لەسەر ڕاسپاردەی سەلاحەدین دەمیرتاش دەنگیان بە کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن دا و داواکەی ئۆجەلانیان بۆ دەنگنەدان جێبەجێ نەکرد. هەر ئەوەش سەلماندی کە کوردی تورکیا ئەوەندەی گوێڕایەڵی سەڵاحەدین دەمیرتاشن کەمتر دوای قسەی ئوجەلان دەکەون.

کوردپرێس:

دوبارەکردنەوەی هەڵبژادرنی شارەوانیی گەورەشاری ئەستەنبۆڵ بەهۆی ناڕازی بوونی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو، یەک لە گرینگترین ڕۆژەڤەکانی ئەم دوایییە بوو. ئەردۆغان هیوای وا بوو پشت بە کورد و بە ئۆجەلان ببەستێت و ئەم جارە ئەنجامی هەڵبژادرن بگۆڕێت و یڵدرم وەکوو شارەوانی ئیستامبۆڵ هەڵبژێردرێت.

بەڵام ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کە پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی کاریزمای کوردەانی تورکیا پێچەوانەی ئەردۆغان کاندیدی پۆپۆزیسیۆنیان پشتیوانی دەکرد، پێش بینییەکەی ئەردۆغانی تێکدا و سەلماندی کە کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی لە هەڵبژاردنی تورکیادا هەیە. بەڵام لەم نێوانەدا ئەو بابەتەی کە بۆ هەمووان سەیر بوو داخوازیی ئۆجەلان بوو بۆ بێ لایەن مانەوەی کوردەکان واتا ئەگەر دەنگ بە ئەردۆغان نادەن پشتگیری لە ئۆپزیسۆنیش نەکەن.

زۆرینەی چاودێرانی پرسی تورکیا بڕوایان وایە کە شکستی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا کاریگەریی لەسەر چارەنووسی خۆی و حزبەکەی لە داهاتوودا دەبێت. ئاژانسی کوردپرێس، بۆ تاوتوێ کردنی کاریگەریی ئەم شکستە و کارتێکەریی کوردەکان لەسەر هەڵبژادرنەکان لە تورکیا گفتوگۆی کردووە لەگەڵ پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن مامۆستای مرۆناسی و شرۆڤەکاری باڵای پرسی تورکیا لە زانکۆی مەک کوایری ئۆسترالیا.

پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن بە کوردپرێسی وت: سەلاحەدین دەمیرتاش نفووزێکی زیاتری لەنێو کوردەکاندا هەیە لەچاو ئۆجەلان. ناوبراو بڕوای وایە کە شکستی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا زەمینە خۆشکەرە بۆ شکستەکانی تر لە گۆڕەپارنی سیاسیی تورکیا. هەڵبەت کریس هۆستۆن هۆشدار دەدات کە مومکینە ئیمام ئۆغڵۆ تووشی لەمپەڕ نانەوەی ئەردۆغان و حزبەکەی ببێتەوە.

دەقی دیمانەکەی ئاژانسی کوردپرێس لەگەڵ پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن لێرە بخوێنەوە:

کوردپرێس: شکستی ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستامبۆڵ پاشهاتی جیدیی دەبێت. ئەو پاشهاتانە چین؟

پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن: سەرەتا دەبێت پرسیار بکرێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستامبۆڵ چ کاریگەرییێکی لەسەر سیاسەتی تورکیا دەبێت. ئاکپارتی بۆ یەکەم جار لەساڵی 1994 براوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی دوو گەورەشاری ئیستامبۆڵ و ئەنقەرە بوو و تا شکست هێنانی لە ساڵی 2019 ئیدارەی ئەم دوو شارەی بەدەستەوە بووە. ئەمەش بەمانای دەسەڵاتی 25 ساڵەی پارتی داد و گەشەیەلەسەر گرینگترین شارەکانی تورکیا واتا ئەنقەرە و ئیستامبۆڵ وەکوو سەنتەری ئابووریی تورکیا. هەڵبەت ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لەساڵی 1994 وەکوو شارەوانی شاری ئیستامبۆڵ هەڵبژێردرا کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی پارتی داد و گەشە وەکوو بزووتنەوەیێکی کۆمەڵایەتیی لە تورکیا.

سیستمی فیدراڵی لە تورکیا نییە، بۆیە شارەوانییەکان بە تایبەت شارەوانییەکانی گەورەشاری ئیستامبۆڵ و ئەنقەرە دووهەمین دەسەڵاتی حکوومەتدارین لە تورکیا. ئەگەرچی دەسەڵاتی شارەوانییەکان لەلایەن حکوومەتەوە سنووردار کراوە بەڵام شارەوانیی ئیستەمبۆڵ کە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ بەدەستەوە دەیگرێت کاریگەریێکی گرینگی لەسەر بەرنامە داڕشتن و زیاتر کردنی باج و خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت لە ئیستامبۆڵ دەبێت. بوودجەی گەورەشاری ئیستامبۆڵ زیاترە لە بوودجەی گشتی هەندێک لە وڵاتەکانی جیهان.

هەموو ئەمانەش دەریدەخات دۆڕاندنی شارەوانیی ئەستەنبۆڵ ڕووداوێکی سیاسی و ئابووریی قورس بوو کە لە ئاکپارتی قۆما. هەر ئەوەش دەرفەتێک بۆ لایەنی ڕکابەر دەڕەخسێنێت کە لە پێدانی خۆمەتگوزاری و ئیدارەدانی شارەکەدا تواناکانی خۆی بنوێنێت. ئەوەش زۆر گرینگە. چوونکە هەر ئاکپارتییش وەکوو حیزبێکی براوەی شارەوانییەکان سەری هەڵدا و پێگەی جەماوەریی حیزبەکەش لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو حیزبەوە بەرز بوویەوە کە لە شارەوانییەکاندا ئاراستەی هاووڵاتییانی کرد. ئاکپارتی لەو ساڵانەدا دەستی دایە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی و خۆشکردنی جادەوبان و شەقامەکان و دروستکردنی پرد و ژێرخانی گواستنەوە و پارێزگاری کردن لە میراتی کەلتووری و شتی تر. دەنگدەری تورک جیاوازیی لەگەڵ باقی دەنگدەرانی جیهان نیە و هەموو دەنگدەرێکی تورک هەڵگری تایبەتمەندییێکی پراکتیکین هەر بۆیەش ئەو سیستەمە حوکمڕانییەی لێهاتوو بێت و لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکاندا توانا بێت و لە هەڵسوکەوتەکانیدا بەرانبەر بە هاووڵاتییان گەندەڵ نەبێت لای دەنگدەران مەقبوول و خۆشەویست دەبێت. هەر بۆیەش شارەوانیی ئەستەنبوڵ دەرفەتێکی گونجاوە بۆ جەهەپە و دەتوانێت دەوری گۆڕینی یارییەکە بگرێتە ئەستۆ و پڕۆسەی شارسازیی دیموکراسییانە پەرە پێ بدات و ئەوە بکاتە ڕیازە و پڕۆڤە بۆ حیزبەکەی.

لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە زۆر دەرفەتی نوێ بۆ جەهەپە دەڕخسێت کە دەتوانێت لە کۆمەڵێک هەڵمەتی ئابووری و فەرهەنگییەوە بگاتە مەبەستەکانی خۆی. بۆنموونە دەتوانێت بازاڕەکانی ئەستەنبۆڵ یەک بخات یان خود پەرە بە کەرتی گەشتیاری بدات و کۆنفڕانسی تایبەت بەڕێوە بەرێت. یان زۆر هەڵمەتی دیکەش هەن کە لە بواری دارایی و بازرگانیدا بەکەڵکی جەهەپە دێن و دەتوانێت قەرەبووی ئەو پشتگیرییە بکاتەوە کە هاووڵاتییانی ئەستەنبوڵ بۆ جەهەپە دەریان بڕی. ئەستەنبوڵ حەشیمەتێکی فراوانی 20 ملوێن کەسی لە خۆ دەگرێت و جەهەپە دەتوانێت بیکات بە گەورەشارێکی گەشتیاریی جیهان.

ئەگەر هەموو ئەمانە سەر یەک بخەین پرسیارەکە ئەمە دەبێت: ئەم بابەتانە لە سیاسەتی تورکیا چ خوێندنەوەیێکی بۆ دەکرێت؟ ماناکە ئەمەیە: حیزبێکی بۆیەکراوی تەڕ و تازەی موعارەزە ئێستا ئیدارەی ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەستەنبوڵی پێیە. پارتی دیموکراتیکی گەلانیش دیاربەکری بە دەستەوەیە کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن. واتا حیزبە دژبەرەکانی ئاکپارتی ئێستای ئیدارەی شارە هەرە گرینگەکانی تورکیایان پێیە.

ئەنجام ئەم هەڵبژاردنە ڕەهەندێکی دیکەش لە خۆ دەگرێت. هەڵبژاردنەکەی ئەم خولەی شارەوانییەکان گەڕانەوە بەرەو حەفتاکان وەبیر دەهێنێتەوە. لە هەڵبژاردنەکەی 1970حیزبی دەسەڵاتدار و شەخسی سەرۆککۆماریش سەربە. حیزبە نەبوون کە ئیدارەی شارەکانی لە دەستدا بوو. کۆتاییی ساڵی 1970 دەوڵەتی نیشتمانی شارەوانییەکانی تورکیای لە سەرمایە و پارەی بێبەری کرد و بەو بۆنەیەشەوە قەیرانێکی خراپ لە زەمینەی خزمەتگوزاریی مەدەنی و شارەوانیدا سەریهەڵدا. ئەم جارەش کە ئەردۆغان و حیزبی دەسەڵاتداری ئاکپارتی ئیدارەی شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵی دۆڕاندووە چاوەڕوان دەکرێت بە گوشارخستنە سەر شارەوانییەکان و کێشە دروست کردن لەباری دارایی و سەندنی باج و ... ڕێگە نەدەن شارەوانییەکان خزمەتگوزاریی شایستە بە هاووڵاتییان بدەن و بەو شێوەیە وای بنوێنن کە شارەوانییەکان لەو خولەدا کارامە نەبوون.

بەو ئاسانییە ناکرێت لەبارەی شوێندانەریی ئەم دۆڕانە لە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغان لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بدوێین. ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ دەستوور کرا دەسەڵاتی ئێجگار زۆری بە ئەردۆغان بەخشی. بۆیە ئاسایییە کە لە ئاستی نیشتمانیدا شوێندانەریی ئەردۆغان هەر دەمێنێت بەڵام لەو ڕووەوە کە حیزبی دەسەڵاتداری ئاکپارتی لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا زۆر وابەستەی ئەستەنبوڵ بوو دۆڕاندنی لەم خولەدا کارتێکەریی خراپی لە سەر هەژموونی و شکۆی حیزبەکەی ئەردۆغان دەبێت. بەگشتی شکستهێنانی ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنەدا دەریخست کە زۆر پێکهاتەی تورکیا هەن ئۆتۆریتە و دەسەڵاتی ڕەهای ئەردۆغانیان پێ تەحەمول ناکرێت. بۆیە بەڕای من ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە گوڕ و توانا ئەخاتەوە دەماری دیموکراسییەت لە تورکیا.

کوردپرێس: لە ناو تورکەکاندا باوەڕێک باوە کە دەڵێن هەر کەس ببێتە شارەوانی ئەستەنبوڵ دواتر ئەبێتە سەرۆککۆمار. بەڕای ئێوە ئەو بڕوایە لەبارەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵووەوە چی بەسەر دێت؟

پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن: کەس نازانێت ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو لە پۆستی شارەوانیی ئەستەنبوڵدا چۆن دەردەکەوێت و چی دەکات. هەر دیار نیە ئایا لە ئایندەدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید دەکات یان خەیر. جارێ زووە لەو بارەیەوە قسە بکەین.

کوردپرێس: ئەردۆغان هەرچی پێکرا بۆ نەدۆڕاندنی لەم هەڵبژاردنەدا کردی. تەنانەت هەوڵی دا دڵی کورد بێنێتە جێ و عەبدوڵڵا ئوجەلانیشی بەکارهێنا. بە هەموو ئەوانەشەوە دیسان دۆڕاندی. بۆچی؟

پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن: وا دەردەکەوێت بانگهێشتەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش کە داوای لە کورد کرد دەنگ بە ئەکرەم ئیمام ئوغڵو بدەن زۆر کارتێکەرتر بوو لە بانگهێشتەکەی عەبدوڵڵا ئوجەلان کە داوای کرد کورد بێ لایەن بێت و دەنگ نەدات. کەس نازانێت ژمارەی دانیشتووانی کوردی ئەستەنبوڵ چەند کەسە. لە داتاکانی سەرژمێریدا پرسیاری قەومیت لە هاووڵاتییان ناکرێت. بۆیە ناکرێت لەبارەی ڕێژەی کارتێکەریی کوردەوە لەو هەڵبژاردنەدا بەوردی قسە بکەین. بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە زۆرینەی کوردی ئەستەنبوڵ دەنگیان بە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو داوە. هەڵبەت کورد لە شارەکانی دیکەش دەنگی بە ئەردۆغان نەداوە. هەر بۆیەش ئەنجامەکەی ئەستەنبوڵ جێی سەرسوڕمان نەبوو.

کوردپرێس: کوردی حیزبی کوردیی پارتی دیموکراتیکی گەلان بە دەنگەکانیان یارمەتیی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوویان دا. ئەی ئیمام ئوغڵوو لە بەرانبەردا چی بۆ کورد دەکات؟

پرۆفیسۆر کریس هۆستۆن: ئەمە پرسیارێکی هەڵەیە. باشتر ئەوەیە پرسیار بکەین کە دانیشتووانی ئەستەنبوڵ بە کوردەکانیشەوە لەم کەشە سیاسییە نوێیەدا چییان لە دەست دێت کە دەرحەق بە خۆیان بیکەن. ئەم ئەنجامانەوە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەرچوو کورد دەتوانێت زەمینەی بەشداری کردنی خۆی لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی شارەکاندا بڕەخسێنێت و دەستی بە پۆستەکان بگات. ئایا کورد هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پارک و شەقام و شوێنە گەشتیارییەکان بە ناوی نوخبە کوردەکانەوە ناو بنرێت؟ ئەگەر کورد کار بۆ مافی هاووڵاتی بوونی دەکات دەبێت هەموو هەوڵی خۆی بدات مافەکانی بچەسپێنێت.

دیمانە: بەشی جیهان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

وەرگێڕان بۆ کوردی: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 64572

Your Comment

You are replying to: .
captcha