کوردپرێس:
سەید عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕۆژی 3ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 24ی حوزەیرانی 2019 ڕایگەیاند ئەگەر ئەورووپا و لایەنەکانی وەژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەنگاوێکی جدی و کردەیی بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڵنەگرن ئەوا قۆناغی دووهەمی کشانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە هەموو تواناوە دەست پێدەکات.
ناوبراو گوتیشی ئێران قەرزادری هیچ وڵاتێک نیە نەخوازەڵا وڵاتانی ئەورووپی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کرد جارێکی تر دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراوە بە بەرجام بخوێننەوە چوونکە ئەگەر بێتوو تا ڕۆژی 6ی پووشپەڕ (27ی حوزەیران) کارێکی جدی نەکەن ئەوا هەنگاوی دووهەمی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە هەڵدەگیرێت. چوونکە ئەو کەناڵە دارایییەی بە ئینستێکس ناسراوە بە عەمەل نایەت و هیچ سوودی بۆ ئێران نیە.
مووسەوی گوتیشی: "ئێران هەرگیز لە ژێر گوشاردا مل بە گفتوگۆ نادات. ئەگەرچی ئابە شیزۆ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هیچ پەیامێکی تایبەتی نووسراوی پێ نەبوو بەڵام ئێران بەردەوام پێشوازیی لە نامەندگیریی وڵاتانی دراوسێ کردووە و هەرگیز ناوەندگیرییەکانی ڕەت نەکردۆتەوە.
Your Comment