مه‌سروور بارزانی جه‌خت له‌ پێکهێنانی حکوومه‌ت له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌ و ڕاسپێردراوی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران باسی له‌وه‌ کرد که‌ حکوومه‌تی له‌ واده‌ی خۆیدا پێکدێت.

کوردپرێس:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24-6-2019 مه‌سروور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا که‌ ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و ستیڤن فاگن کونسووڵی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر و به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌مریکا ئاماده ‌بوون، پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌گشتی و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جیاکاندا تاوتوێ کرا.

له‌و دیداره‌ مه‌سروور بارزانی تیشکی خسته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی پێکھێنانی کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ڕای‌گه‌یاند: هه‌نگاوه‌کان ده‌ستیان پێکردووه‌ و له‌ واده‌ی دیاریکراودا پێکھاته‌ی کابینه‌ بۆ متمانه‌وه‌رگرتن و سوێندخواردن ده‌خرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان.

ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌ ڕه‌وش و پرۆسه‌ی سیاسیی ‌عێراق کرد و جه‌ختی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور کرده‌وه‌.

له ‌لای خۆیه‌وه‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ مه‌سروور بارزانی له‌ ئه‌رک و به‌رنامه‌ی کابینه‌ی داهاتوو خواست و ئاماده‌ییی وڵاته‌که‌شی بۆ هاوکاری و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کان نیشان دا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64546

Your Comment

You are replying to: .
captcha