کورد هۆی سه‌ره‌کیی ناکۆکییه‌کانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکایه‌

به‌شی جیهان- په‌یمانگای نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا ئاماژه‌ به‌ مکووڕبوونی تورکیا له‌سه‌ر کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی ده‌کات سه‌ره‌ڕای گوشاره‌کانی ئه‌مریکا و ده‌نووسێت: بابه‌تی پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کورده‌کان هۆکاری سه‌ره‌کیی ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆنه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مریکا گوشاری زۆری خستۆته‌ سه‌ر تورکیا له‌سه‌ر بابه‌تی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌نقه‌ره‌ پێداگری له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌رگرییه‌ له‌ داهاتووی نزیکدا ده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌مریکا جگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گه‌مارۆ بۆ سه‌ر تورکیا به‌رنامه‌ی ڕاده‌ست‌نه‌کردنی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری F-35 به‌ تورکیای خستۆته‌ به‌رنامه‌ی کارییه‌وه‌.

په‌یمانگای نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا شرۆڤه‌یێکی له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی ناکۆکیی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا و نزیک بوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ مۆسکۆ ئه‌نجام داوه‌ و کاروباری کورد و پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریای به‌ هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

عه‌لی ده‌میرداش مامۆستای زانستی سیاسی له‌ وتارێکدا باسی له‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر و نیمچه‌سه‌ربه‌خۆی کورد له‌ باکووری سووریا ده‌کات و یارمه‌تییێکی زۆری ڕاده‌ستی کوردی ئه‌و ناوچه‌یه‌ کردووه‌ که‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ تورکیا ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانیی خۆی ده‌زانێت هه‌ر بۆیه‌ تورکیا هاوکارییه‌کانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا زیاتر کردووه‌ چوونکه‌ پێی وایه‌ ڕووسیا نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ باشتر ده‌رک ده‌کات.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌ پشتیوانییه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ هێزی کوردی سووریا ده‌کات و ده‌شڵێت: پشتیوانی و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا دژی تورکیا نیشانی ده‌دات که‌ ئه‌مریکا ئاماده‌یه‌ به‌ ئاسانی تورکیا بکاته‌ قوربانیی په‌یوه‌ندییه‌کانی واشنتۆن له‌گه‌ڵ گرووپێکی ناحکوومی. په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی سووریا زیاترین خه‌ساری به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیا گه‌یاندووه‌.

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری تورکیا باس له‌ بابه‌تی میدیاکانی تورکیا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له‌ تورکیا ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو ده‌بینرێت که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا چه‌کی قورس ڕاده‌ستی هێزی کوردی سووریا ده‌کات که‌ تورکیا ئه‌وان به‌ تیرۆریست ده‌زانێت هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانین به‌و ئه‌نجامه‌ بگه‌ین که‌ ئه‌مریکا له‌ ئێستاشدا خه‌ریکه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا شه‌ڕ ده‌کات.

ناوبراو گوتیشی: هێزی کوردی سووریا مووشه‌کی تاوی ئه‌مریکای دژی هێزه‌کانی تورکیا به‌کار هێناوه‌. له‌ میدیاکانی تورکیا ته‌نانه‌ت ترسی هێرشی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ ده‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

دوکتۆر عه‌لی ده‌میرداش له‌ کۆتاییی وتاره‌که‌یدا له‌باره‌ی هۆکاره‌کانی نزیک‌بوونه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری تورکیا به‌ ڕووسیا و ناکۆکییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا باسی له‌وه‌ کرد که‌ تورکیا بۆ لابردنی نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی له‌ سووریا پێویستی به‌ ڕووسیا هه‌یه‌ چوونکه‌ ئه‌مریکا ئاوڕ له‌ نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا ناداته‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ساڵی 2018 تورکیا به‌ یارمه‌تیی ڕووسیا توانیی هێزی کوردی سووریا له‌ ناوچه‌ی کوردنشینی عه‌فرین له‌ باکووری ڕۆژئاوای سووریا ده‌ربکات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64542

Your Comment

You are replying to: .
captcha