ئه‌ردۆغان پیرۆزبایی له‌ ئیمامئۆغڵۆ ده‌كات

به‌شی تورکیا- سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ دوای شکستی کاندیدی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ باسی له‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن کرد و ڕای‌گه‌یاند: جارێکی‌تر ئیراده‌ی گه‌ل خۆی نیشان دا. پیرۆزبایی له‌ ئه‌کره‌م ئیمام ئۆغڵۆ ده‌که‌م.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا به‌ دوای شکستی کاندیدی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن کرد و گوتی: "ھیوادارم ئه‌نجامی ھه‌ڵبژاردنی دووباره‌ی سه‌رۆکایه‌تیی گه‌وره‌شاره‌وانی ئه‌سته‌نبۆڵ ببێته‌ مایه‌ی خێر بۆ شاره‌که‌. دووباره‌ ئیراده‌ی گه‌ل خۆی نیشان داوه‌. پیرۆزبایی له‌ ئیمامئۆغڵۆ ده‌که‌م که‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییه‌کان ھه‌ڵبژاردنه‌که‌ی بردووه‌ته‌وه‌".

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا زیادی کرد:‌ "هه‌ر وه‌ک له‌مه‌وپێش، له‌ قۆناغی داهاتووماندا بێ چاوخافڵ کردن له‌ دیموکراسی و سه‌روه‌ریی یاسا و ئاشتیی وڵاتمان، خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیرییه‌که‌ی له ‌چوارچێوه‌ی بنه‌ماکانی هاوپه‌یمانیی جمهووردا به‌ یه‌کڕیزی و پێکه‌وه‌یی به‌ره‌و ئامانجه‌کانی 2023مان هه‌نگاو ده‌نێین."

ئه‌ردۆغان ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌ کۆتاییی ئه‌م مانگه‌دا لووتکه‌ی G-20، سه‌ردانی چین و دواتر باشووری ئه‌ورووپا و لووتکه‌ی باڵقان هه‌یه‌. له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو پرسه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی به‌رده‌م تورکیادا له‌ژێر ڕۆشناییی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تماندا هه‌وڵ ده‌ده‌ین".

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64533

Your Comment

You are replying to: .
captcha