نێچیرڤان بارزانی بۆچی چووە بەغدا؟*

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی لە قۆناغێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی گرتۆتە ئەستۆ کە دۆسیەی هەڵپەسێردراو و گرێکوێرەی زۆر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن کە بە چارەسەرنەکراوی و بە نەکراوەیی ماونەتەوە. ئێستا بەغدای کردۆتە یەکەم وێستگەی سەردانە فەرمییەکانی و ئەوەش هەڵگری پەیامی تایبەت بۆ سەرکردە عێراقی و هەرێمییەکان.

کوردپرێس:

بە وتەی ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوولی 2017 هەرێمی کوردستانی تا لێواری کەوتن برد و هێندەی نەمابوو دەستکەوتی 30ی ساڵەی کورد لە سیاسەت و ئابووریشدا بفەوتێت. نێچیرڤان ئیدریس بارزانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان پاش پاش ڕیفراندۆم ئەرکی ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی گرتە ئەستۆ و بە جوانی ئەو ئەرکەشی ڕاپەڕاند. ئەم جارەشیان وەک باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم سەردانی خۆیدا بەغدای بەسەر کردەوە و بەوەش سەلماندی کە پێبەندە بە قسەکانی خۆی کە هەمیشە گوتوویەتی بەغدا قووڵاییی ستراتێژیکی هەرێمە.

نێچیرڤان بارزانی ئەم جارە لە سەردانەکەیدا هەڵگری پلە و پایەی بەرزترە و دەسەڵاتی زیاتریشی پێیە و جگە لەوەش ئەزموونی 4 ساڵی پڕ لە ململانێ و موناقەشەی لەگەڵ خۆی بردۆتە بەغدا.

بەغدا؛ دەرفەت یان هەڕەشە؟

لەو کاتەوە بزووتنەوە و خەباتی کوردی دژی دیکتاتۆرییەت لە عێراق گەشتۆتە ئەنجام و کورد ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە هەرێمدا مسۆگەر کردووە بەردەوام بە پەرەپێدانی پێوەندییەکان و بەرەوپێش بردنی سیاسەت لە ئاستی عێراقیش و ناوچەکەش و جیهانیش خۆی بەرز کردۆتەوە. پێشتر ئەوەی لە پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەنددا زاڵ بوو بریتی بوو لە "بێمتمانەیی" و "یەکتر تۆقاندن"ی دوولایەنە. ئەگەرچی کورد لە 2003وە سیاسەت کردنی لە بەغدا دەست پێکرد بەڵام بەردەوام بەغدایان بە هەڕەشە زانیوە بۆ سەر کیانی سیاسیی خۆبەڕێوەبەریان. لە بەرانبەردا لایەنی عێراقییش هەمان هەستی بەرانبەر بە کورد بووە. هەر ئەم سیاسەتە دوو لایەنەی تۆقاندن سێبەری قورسی خستبووە سەر پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ناکۆکی و گرفتی زۆری دروست کرد و هەندێک جاریش ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لێکەوتەوە.

پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول دەوڵەتی ناوەند ڕۆژی 17ی ئەکتەوبر بە گڵۆپی سەوزی وڵاتانی بیانی هێزی جووڵاند و هاتەوە ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کەرکووک. لەو کاتەوە سیاسەتوانان و ڕای گشتیی کوردیش بەجوانی دەرکیان بەوە کرد کە نەزمی ئێستا عیلاقاتی دەولی ڕێگە بە کورد نادات لە عێراق جیا ببێتەوە.

نێچرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان لە گەرمەی ناکۆکییەکاندا سیاسەتێکی عاقڵانە و میانەڕەوانەی گرتە بەر و خۆی بە توندڕەوی بوارد هەر ئەوەش وای کرد پردەکانی عیلاقاتی نێوان هەولێر و بەغدا هەموویان نەڕووخان بەو پێشینە و پێگە گونجاوەی لە سیاسەتدا هەیبوو ئەرکی زیندووکردنەوەی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرتە ئەستۆ.

ناوبراو لە قۆناغی نوێدا چەندین جار جەختی کردۆتەوە کە بەغدا بۆ کوردی عێراق قووڵاییی ستراتێژیکە و دەبێت وەکوو دەرفەت چاوی لێ بکرێت نەک وەک هەڕەشە. هەروەها بە قەناعەتی ناوبراو دەبێت بەغدا ببێتە سەنگەری بەرگری کردن لە مافی کورد ئەوەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا.

ئەو قۆناغە نوێیە پێویستی بەوەیە بەغداش و هەولێریش سیاسەتی یەکتر تۆقاندن وەلا بنێن. بە ڕێبازە حەکیمانەکەی نێچیرڤان بارزانی و هاتنە سەرکاری سەرکردەو بەڕێوەبەری میانەڕەو و بەئەزموون لە بەغدا ئەو ئامانجە ڕێگایێکی دووری ناوێت. عەبدولمهەدی لە پۆستی سەرۆکوەزیران و بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و محەمەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەموویان سیاسەتی میانەڕەوییان گرۆتە بەر.

بۆچی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم سەردانیدا لە بەغدا گرسایەوە؟

سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لەو قەناعەتەدایە کە کورد لە بەغدا میوان نیە بەڵکوو دەبێت خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت و بە بە سیاسەتی پراکتیکی قورساییی خۆیان لە باڵانسی سیاسیدا دەربخەن و ڕێگە نەدەن هەندێک لایەنی عەرەبی لە نەبوونی کورددا گەورەترین مەیدانی سیاسیی عێراق بگرنە دەست و کورد بخەنە ئیحراجییەوە.

لە لایێکی دیکەشەوە لەو ماوەیەدا کە گرفتی نێوان هەولێر و بەغدا دروست ببوو هەموو وڵاتانی دۆست و هاوکاری هەرێم بۆ نەمانی کێشەکان ناونیشانی بەغدایان بە هەولێر دەدا و بەو هەڵوێستە ئاشکرایە دەیانگوت هەرێمی کوردستانی خاوەن دەسەڵاتیان لە چوارچێوەی عێراقی یەکپارچەدا پێ باشە. ئەزموونی بەکەڵکی نێچیرڤان بارزانی و ناکۆکییەکانی ڕابردووی هەولێر و بەغدا وای کرد بەغدا ببێتە یەکەم وێستگەی سەردانەکانی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان بەڵکوو بتوانێت بە سەرکردە میانەڕەوانەی عێراقەوە باشترین و ئاشتییانەترین پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر خۆش بکات و باشترین کەڵکیش لەو سەردەمە وەربگرێت کە خۆی سەرۆکی هەرێمە و زیاترین دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستاندا بەدەستەوەیە. جگە لە هەموو ئەمانەش یەک پەیامی ئاشکرا و گرینگ بۆ هەموو جیهان بنێرێت. پەیامەکەش ئەوەیە کە وەرزێکی نوێی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکردووە.

نەوت و بودجە

مەلەفی نەوت، یەک لەو مەلەفە هەرەگرینگانەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ناوبراو بۆ خۆی یەک لە نژیارڤانانی سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە و کە لە 2014وە بە شێوەی سەربەخۆ دەستیان بە فرۆشتنی نەوت کرد. ئێستا لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا هەوڵ دەدات ئەو دۆسیەیە لەگەڵ بەغدا یەکلا بکاتەوە.

پاش ئەوەی عادل عەبدولمەهدی هاتە سەر کار و بەغداش و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سیاسەتەکانیاندا چوونەوە و پارتی قەیرانێکی گرینگی تێپەڕاند و پێگەی جەماوەریی خۆیی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست هێنایەوە ڕێککەوتنێک لە نێوان کورد و بەغدا لەبارەی مەلەفی نەوت لە بودجەی 2019ی عێراقدا واژۆ کرا. ئەو ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ کورد. لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نووسراوە هەرێمی کوردستان دەبێت ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و بەغداش شایستە داراییی هەرێمی کوردستان بنێرێت. دەوڵەتەکەی عەبدولمەهدی تا ئەم کاتەش بە ڕێککەوتنەکەوە پێبەند بووە بەڵام هەولێر هێشتا یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەکردووە و هیچ پاساوێکیشی بۆ ئەو مەسەلەیە نەهێناوەتەوە. لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراقدا مووچە و بودجەی فەرمانبەران و پێشمەرگەی هەرێم لە مەلەفی نەوت جیا کراوەتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە هەندێک حیزب و لایەنی سیاسی لە بەغدا گوشار بخەنە سەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولمەهدی ناچار بکەن بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ببڕێت. ئەو بابەتە بۆتە هۆی نیگەرانیی هەدێک لە پەرلەمانتارانی کوردی عێراق و هەروەهاش ڕای گشتیی کوردەکان.

هاوکات دادگای فیدراڵی لە داهاتوویێکی نزیکدا دانیشتنی خۆی لە سەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات و چاوەڕوان دەکرێت ئەوە دوایین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە بێت. لە 2012وە کە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان چۆتە دادگای ئیتحادی دانیشتنەکانی ئەو دادگایە لە چەند فەترەی زەمەنیدا بە هۆی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوا خراون.

غالب محەمەد نوێنەری پەرلەمانی عێراق لەم دواییەدا بە کوردپرێسی وتووە دوور نیە ئەم جارەش دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی پاش دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی دوا بخرێت.

کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان

دۆسیەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانیش لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. گەڕانەوەی سوپا بۆ کەرکووک و گۆڕدرانی باڵانسی دەسەڵات بە زیانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان کارتێکی گەورەی گوشاری لە کورد سەندەوە و ئێستاش سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەزانێت کە تاکە ڕێگای بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد لە کەرکووک و گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات.

مەسەلەیێکی دیکەی کەرکووک باسی هەنادەکردنی نەوتەکەیەتی پاش ئەوەی ئەمریکا سزای گەڕاندەوە سەر ئێران و ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران پەکی کەوت تاکە ڕێڕەوی ناردنی نەوتی کەرکووک لە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە تورکیا. نێچیرڤان بارزانی پێشتر دوو جار پێشنیازی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو کە بۆ ناردنی نەوتی کەرکووک بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن بەڵام بەغدا وەڵامی نەبووە. ئەگەر بارزانی لەو مەسەلەیەدا سەربکەوێت ئەوا داهاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو کات قورساییی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی هەولێر بۆ قسەکردن لەگەڵ بەغدا زیاتر دەبێت.

پێ دەچێت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا هەولێر بۆ مەسەلەی نەوت لە بەرانبەر بەغدا خۆی شل بکات. ئامانجی خۆشلکردنەکەش ئەوەیە پێگە و دەسەڵاتی عەبدولمەهدی لە بەرانبەر دژبەرەکانیدا بەهێزتر بێت. بەڵام بارزانییش لەو لاوە پێداگر دەبێت لە سەر پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

کەڵک لە پێگەی سیاسی و یاساییی بەرهەم ساڵح وەردەگیرێت

پارتی پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقدا بەرانبەر بە یەکێتی شکستی هێنا بایکۆتی ئەوەی کردووە کە بەرهەم ساڵح وەک سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق بناسێت. ناکۆکیی کورد لە سەر مەسەلەی سەرۆکایەتیی کۆمار پێگەی کوردی لای لایەنە عێراقییەکان لاواز کرد بەڵام پاش ئەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگهێشت کرا و لە تەنیشت مەسعوود بارزانی دانیشت وەرزێکی نوێی پێوەندییەکان لەگەڵ یەکێتیش و بەغداش کرایەوە. نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆماریش دیداری کرد و ئەمەش ڕەنگە موژدەی ئەوە ببەخشێت کە ئەزموونی هاوکارییەکانی مام جەلال و کاک مەسعوود بۆ سیاسەت کردن لە بەغدا و داکۆکی کردن لە سەر مافی کورد دووپات ببێتەوە.

لە ئەنجامدا نابێت ئەوەش ئیهمال نەکەین کە نێچیرڤان بارزانی هەوڵ دەدات هەموو دۆسیەکان لای خۆی بێت و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی لە حکوومەتی هەرێم هەر خۆی دۆسیە هەستیارەکان بجووڵێنێت.

ئەنجامی یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان شوێندانەریی زۆری لە سەر پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و دەوربینینی کورد لە پێتەختی عێراق دەبێت و لە داهاتوودا ئەنجامەکانی ئەو سەردانە زیاتر ئاشکرا دەبن.

*حەسەن ساڵحی/ بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 64528

Your Comment

You are replying to: .
captcha