کورد ڕه‌سه‌نترین پێکهاته‌ی ئێرانه‌/ کوردستان گۆڕیچه‌ی سیاسه‌تی نه‌یارانی ئێرانه‌

به‌شی کوردستان- کۆنگره‌ی یادی 5400 شه‌هیدی پارێزگای کوردستان له‌ شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌ چوو و ژێنڕاڵ حسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له‌ وتارێکدا ئاماژه‌ی به‌ خه‌ڵکی کورد وه‌کوو ڕه‌سه‌نترین پێکهاته‌ی ئێران کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ژێنڕاڵ حسێن سه‌لامی له‌ وتارێکدا که‌ ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسی یادی 5400 شه‌هیدی کوردستان له‌ هۆڵی وه‌رزشیی 22ی گوڵانی شاری سنه‌ پێشکه‌شی کرد ئاماژه‌ی به‌ کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری گرینگ کرد و ڕای‌گه‌یاند: کورد ڕه‌سه‌نترین پێکهاته‌ی ئێرانه‌ که‌ به‌ کلتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان ده‌وری سه‌ره‌کییان بینیوه‌ له‌ پێشخستن و فراوان کردنی شارستانییه‌تی ئێران.

ناوبراو گوتیشی: دوژمنان به‌ خه‌یاڵی خۆیان ده‌یانویست کوردستان بکه‌نه‌ بنکه‌ و مۆڵگه‌ به‌ڵام به‌ئاگایی و شه‌رافه‌ت و ئیمانی خه‌ڵکی کورد ڕێگه‌ی پێنه‌دان ئه‌و یه‌کپارچه‌یی و یه‌کڕیزییه‌ی پێکهاته‌ ئێرانییه‌کان بشکێت.

ژێنڕاڵ سه‌لامی زیادیشی کرد: ئێستا کوردستان بۆته‌ گۆڕیچه‌ی سیاسه‌تی بێگانه‌ و نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین کوردستان بکه‌ینه‌ ناوچه‌یێکی ئه‌من و پێشکه‌وتوو له‌ جیهان.

فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی که‌نداوی فارس کرد که‌ سوپای پاسداران فڕۆکه‌یێکی بێفڕۆکه‌وانی ئه‌مریکای تێکشکاند.

ناوبراو له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: "سنووره‌کانمان هێڵی سووری ئێمه‌ن و دیاره‌ له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێک شه‌ڕ ناکه‌ین به‌ڵام به‌رده‌وام ئاماده‌ین بۆ به‌رگری‌کردن له‌ خۆمان. تێکشکاندنی ئه‌و فڕۆکه‌ سیخۆڕییه‌ی ئه‌مریکاش هه‌ڵگری په‌یامی ئاشکرای ئێمه‌ بوو. په‌یامه‌که‌ش ئه‌مه‌یه‌: هه‌رگیز ڕێگه‌ به‌ هیچ وڵات یان ده‌سه‌ڵاتێک ناده‌ین سنووره‌کانمان ببه‌زێنن."

سه‌لامی ئاماژه‌ی به‌ سیاسه‌ته‌ فاشیله‌کانی ئه‌مریکا له‌ خۆڕهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کرد و گوتیشی: ئه‌وان به‌نیاز بوون حکوومه‌تی سووریا بکه‌وێت به‌ڵام ئێستا خۆیان له‌ پاشه‌کشه‌دان یان ده‌یانویست به‌ 150 هه‌زار سه‌رباز عێراق کۆنتڕۆڵ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌مڕۆکه‌ عێراق به‌ ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌.

فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له‌ کۆتاییدا باسی سیاسه‌تی ئێرانیشی کرد و گوتی: ئێمه‌ له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی به‌رخۆدان و خۆڕاگری پێگه‌یشتووین و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فیکرییه‌ش چۆکمان به‌ دوژمنانمان داداوه‌ و ده‌ستمان به‌ ئازادیی سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64500

Your Comment

You are replying to: .
captcha