ڕۆیته‌رز: سه‌دان به‌ڵێنده‌ری ئه‌مریكی گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی عێراق جێده‌هێڵن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق باس له‌ ئاماده‌کاریی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌که‌ن بۆ کشانه‌وه‌ی سه‌دان به‌ڵێنده‌ری دوو کۆمپانیای سه‌ربازی له‌ گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌.

کوردپرێس:

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2019 ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز له‌ زاری سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ربازیی عێراقه‌وه‌ بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئاماده‌کاریدان بۆ گواستنه‌وه‌ی نزیکه‌ی 400 به‌ڵێنده‌ری کۆمپانیاکانی لۆکهێد مارتن و سالیبورت گڵۆباڵن له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌دی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین.

به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییانه‌ که‌ نه‌یانویست ناوه‌که‌یان بدرکێندرێت، هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان خۆیان بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی سه‌دان به‌ڵێنده‌ر له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د هه‌ڵکه‌وتوو له‌ 80 کیلۆمه‌تریی باکووری شاری به‌غدا و گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن و هۆكاره‌که‌ی بۆ "هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانه‌وه‌" ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق ئاماژه‌یان به‌ هیچ هۆکارێک نه‌کرد بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ که‌ ئایا په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی ئه‌منییه‌وه‌ یاخود نا به‌ڵام باسیان له‌وه‌ کرد که‌ پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی کارمه‌نده‌کانی بنکه‌ی سه‌ربازیی به‌له‌د ماوه‌ی 10 ڕۆژ ده‌خایێنێت و به‌ دوو قۆناغ و له‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌وه‌ ده‌بێت.

شایانی باسه‌؛ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د به‌ گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی داده‌نرێت له‌ عێراق و له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دروست کراوه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌و بنکه‌یه‌ وه‌ک شوێنی جێگیربوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ سێ گوله‌ هاوه‌ن هێرشی کرایه‌ سه‌ر به‌ڵام هیچ خه‌سارێکی لێنه‌که‌وته‌وه‌ و هیچ لایه‌نێکیش به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌ هێرشه‌که‌ ڕانه‌گه‌یاند.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64489

Your Comment

You are replying to: .
captcha