کوردپرێس:
ژمارەیێک لە جووتیارانی کوردستان لە دەوروبەری دەریاچەی زرێبار دەستیان داوەتە کاری بەرهەمهێنانی برنج و ئەوەش لە میراتی بەرەکانی پێشووترە. ئەگەرچی کارێکی زەحمەتە بەڵام بەرهەمەکەشی لەچاو برنجەکانی ئێستا کە هەندێکیان بە شێوەی پیشەیی بەرهەم دێن زۆر جیاوازە.
برنج یەک لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەیە کە پێویستی بە ئاوی ئێجگار زۆرە. کوردستانیش لەچاو دیکەی ناوچە و پارێزگاکانی دەوروبەری لە ئاودا دەوڵەمەندە.
بە حوکمی سروشتی ناوچەکە و بە حوکمی فراوانیی ئاوەی ڕووبار و بەنداو و دەریاچەکان بەرهەمی برنج یەک لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەیە کە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی ڕەخساندنی هەلی کار و سەرچاوەی داهاتی زیاتر بۆ جووتیاران بەڵام لە کوردستان وەکوو پێویست کەڵکی لێ­وەرنەگیراوە. ئەگەر تەنیا بەنداوەکانی پارێزگای کوردستان بگرینە بەرچاو زیاتر لە 7 بەنداوی سەردەمیانەی تێدایە کە هەمووشیان لە گلدانەوەی ئاودا بێ کێشە بوون و ئەمساڵ سەرێژیان کرد.
ئەوەش جگە لە چەند ڕووباری ورد و دروشتی وەکوو سیروانی هەورامان و قزل ئەوزەنی سەقز و خوڕخوڕە و زەڕینەی ناوچەی ساراڵ و لێڵەی نێوان کوردستان و کرماشان و بە دەیان و بگرە سەدان چەمی ناوچەی کوردستان کە دەفرایەتی و توانای هەرە باش بۆ کەرتی جووتیاری دەڕەخسێنن.
لێرەدا ئەرکی جیهادی کشتوکاڵە هانی جووتیاران بدات و بە ئاسانکاری کردن زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە شێوەی پێویست ڕوو لە بەرهەمهێنانی ئەو قووتە سەرەکییە بکەن. چوونکە ئەگەر پێشتر قووتی سەرەکی گەنم بووە و قانێع وتەنی هەر گەنم پاشای سەر عەرز بووە ئێستا خۆ برنج بۆتە خواردنی یەکەمی هاووڵاتییان و تەرکیزکردن لەسەر ئەو بەرهەمە و ڕەخساندنی زەمینەی چاندنی مەرەزە دەتوانێت هێز و جووڵە بخاتە دەماری ئابووری کوردستانەوە. مەرجی ئەو کارەش تەنها فەرهەنگسازی و هاندان و ڕێنمایی کردنی جووتیارانە و ئەوەش ئەرکی سەرشانی لایەنی پێوەندیداری خۆیەتی کە دایرەی کشتوکاڵە.
مەرەزەکارانی کوردستان دەڵێن باشترین جۆری برنج، برنجی شەش مانگەیە. ئەگەرچی جۆری پێنج مانگەش دەکرێت بەڵام بەوتەی ئەوان برنجی شەش مانگە تام و بۆنێکی جیاوازی هەیە.
ئێستا لە دەوروبەری زرێبار وەرزی چاندنی برنج دەستی پێکردووە، هەموو ساڵێک لە مانگی حوزەیران (جۆزەردان)دا جووتیارانی چەند گوندێکی دەوروبەری زرێبار کە ئاوی پێویستیان بۆ ئەو مەبەستە هەیە دەست دەکەن بە چەڵتووک چاندن. بەرهەمی ئەو چەند جووتیارە لەباری ڕێژەوە ئەوەندە نیە کە پشتی پێببەسترێت بەڵام هەڵمەتێکی شایستەی ڕێزە و دەتوانێت ببێتە نموونە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی دەستیان بە ئاوی زۆر دەگات.
لە ئێران ناوچەی باکوور و کەنارەکانی دەریاری خەزەر وەکوو مەڵبەند و چەقی بەرهەمهێنانی برنج ناسراوە و برنجی شیمال برنجێکی شاز و نایابە و بەو ئاسانییەش بە هەموو کەس ناکڕدرێت.
ئەوەی بە برنجی کوردی یان برنجە گردە ناسراوە دیارە مافی کوردی پێوە نیە بەڵام چوونکە ئەو جۆرە برنجە لە ناوچە کوردییەکان بەرهەم هێنراوە ناوی "برنجی کوردی"یان لێناوە.
بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیێک برنج پێویستی بە هەشت هەزار لیتر ئاو هەیە، ئەمەش وای کردووە حکوومەت زۆر خۆی لە چاندنی چەڵتووک نادات و ڕەنگە یەک لە هۆکارە سەرکییەکانیش ئەوە بێت کە ئاوی کوردستان بۆ پارێزگا بێ ئاوەکانی دەوروبەر ببرێت و قەرەبووی کەمئاوی یان بێ ئاویی پارێزگا دراوسێکان بە ئاوی ڕووبار و بەنداوەکانی کوردستان بکرێتەوە.
لە یەک هێکتار (4 دۆنم) عەرزدا 40 کیلۆ چەڵتووک دەچێنرێت و ئەگەر ساڵەکەی باش بێت زیاتر لە 3 تەن برنجی لێ دێتە بەرهەم. ئەگەر تەنیا زەویوزاری چەند گوندی پەراوێزی زرێبار لەبەرچاو بگرین زیاتر لە 1000 هێکتار (4000 دۆنم) عەرزی کەناری زرێبار بۆ مەرەزەکردن دەشێن و ئەگەر تەنیا 20 لە سەدی ئەو عەرزانەش بە برنج بکرێن ساڵانە زیاتر لە 600 تەن برنج لە عەرزەکانی دەوروبەری زرێبار برنج بەرهەم دەهێنرێت کە داهاتەکەی دەبێتە زیاتر لە 6 ملیار تمەن ئەوەش تەنها مامناوەندی زەویی 100 خێزانی گوندەکان لە خۆ دەگرێت.
وردبوونەوە لە ڕەقەم و داتای کشتوکاڵ زۆر عاقڵانە نیە چوونکە دیار نیە بەرهەمی ساڵانە چۆن دەردەچێت بەڵام دەکرێت ئامارەکان بە شێوەی مامناوەند پشتڕاست بکرێنەوە و ئەو ئامارانەش دەردیخات کە چەڵتووک چاندن و مەرەزەکردن یەک لە دەرفەتەکانی گەڕانەوەی داهاتە کە ڕەنگە لە پارێزگای دەوڵەمەندی کوردستاندا بەو هەموو ئاو و ئاوەدانییەوە ئیهمال کراوە.
زاناکان مێژووی دەرکەوتنی ڕوواندنی برنج دەگەڕێننەوە وڵاتی چین لە دۆڵی ڕووباری یانگتیسی، کە ١٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەوێ بەرھەم ھێنراوە، ئەمڕۆکە برنج لەسەرتاسەری جیھان بەرھەم دەھێنرێت.
تاکوو ساڵی ١٩٦٠ ساڵانە بڕی ٢٠٠ میلیۆن تۆن لەسەرتاسەری جھیاندا برنج بەرھەم ھێنراوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ دا گەیشتۆتە ٦٠٠ میلیۆن تۆن. ئێستاش قووتی غاڵب و سەرەکی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان هەمان برنجە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێویستیی جیهان بەو نیعمەتە زیاتر دەبێت.
Your Comment