ئاکەپە پێش هەڵبژرادن: ئەگەر شەیدای کوردستانن، کوردستان لە باکووری عێراقە / ئاکەپە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا: کوردستان لە دڵی تورکیایە

بەشی تورکیا- بیناڵی یێڵدرم نوێنەری ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبۆڵ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە زمانی کوردی قسە دەکات و وشەی کوردستان بەکار دێنێت و ئیدعای پشتگیری کردن لە زمانی کوردی دەکات ئەوەش لە کاتێکدا سەرۆک حیزبەکەی (ئەردۆغان) پێش چەند مانگ بە هەدەپەی وتبوو کوردستان لە تورکیا نیە؛ لەباکووری عێراقە. کێ شەیدای کوردستانە با بچێتە ئەوێ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بیناڵی یێڵدرم پاڵێوراوی پارتی دادوگەشەپێدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی گەورەشاری ئەستەنبۆڵ لە وتارێکدا هەوڵی داوە دڵی کورد بهێنێتە جێ بەڵکوو دەنگەکانیان بۆ خۆی ڕابکێشێت.

یێڵدرم پێشتر لە ئامەد چەند وشەیێکی بەزمانی کوردی بەزاردا هاتووە و تەنانەت ناوی کوردستانیشی هێناوە و ئەم جارەش گوتوویەتی پاڵپشتی زمانی کوردی دەبن. ئەوەش لە کاتێکدا پێشتر ئەردۆغان سەککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئەو حیزبەی یێڵدرمی پاڵاوتووە بە هەدەپەی وتبووی لە تورکیا شوێنێک نیە ناوی کوردستان بێت. کوردستان لە باکووری عێراقە بۆیە کێ شەیدای کوردستانە با بچێتە ئەوێ.

پاڵێوراوەکەی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی گەورەشاری ئەستەنبۆڵ گوتیشی هیچ کێشەیان لەگەڵ کورد و ناوچە کودنشینەکان نیە.

ناوبراو زیادی کرد: "هەندێک لایەنی تیرۆریستی هەن کە دەیانەوێت ناکۆکی و دووفاقی بخەنە نێوان ئێمە و خەڵکی ناوچەکە. بەڵام ئێمە باش دەزانین کە هاووڵاتییانی کورد ڕێگە بەو گرووپانە نادەن مەبەستەکەیان سەربگرێت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین زمانی دایکی نەمرێت. جا چ کوردی بێت چ گورجی بێت یان زمانێکی دیکە. بۆیە پشتگیریی کەمینەکان دەکەین. مامۆستایان بۆ پەروەردە دەکەین و هەرچی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆیان.

یێڵدرم وتارەکەیدا ئاماژەی بە پۆستە نوێیەکەی نێچیرڤان بارزانی لە هەرێمی کوردستانیش کرد کە وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراوە.

ناوبراو لەو بارەیەوە گوتی هیواخوازن لە سەردەمی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا بتوانن پێوەندییە هەرێمییەکانیشیان باشتر بکەن.

پاڵێوراوی ئاکەپە زیادی کرد: "ئێمە پێوەندیی بازرگانیی زۆر باشمان لەگەڵ باکووری عێراق هەیە و پێمان وایە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانییشدا باشتر دەبێت. چوونکە تورکیا باش نێچیرڤان بارزانی دەناسێت و ئەویش دەرک بە هەموو هەستیارییەکانی تورکیا دەکات. ڕاستە لە ماوەیێکی کورتدا کێشەیێک ڕووی دا بەڵام بەهاتنی نێچیرڤان بارزانی کێشەکان یەکلا بوونەوە و داهاتووش باشتر دەبێت. ئێمە جگە لە برایەتی و پێوەندیی دۆستانە هیچ بژاردەیێکی دیکەمان نیە. شەڕی ناوخۆی لە ناوچەکە نەک هەر زیان لە تورکیا دەدات بەڵکوو بۆ باکووری عێراقیش و سووریاش و ئێرانیش زیانی دەبێت."

وتەکانی یێڵدرم لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکان تەواو کرابوون و ئەکرەم ئیمام ئوغڵۆ نوێنەری جەهەپە کە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ کورد کردبوو وەکوو شارەوانی گەورەشاری ئەستەنبۆڵ هەڵبژێردرا بەڵام ئاکپارتی هەموو دەسەڵاتی خۆی خستە گەڕ و هەڵبژاردنی ئەو شارەوانییەی هەڵوەشاندەوە و دواجار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ملی دا بەوەی هەڵبژرادن لەو شارەدا دووبارە بکرێتەوە. ئێستاش دیارە ئەردۆغان و ئاکپارتی دەرکیان بەوە کردووە کە دەنگی کورد ئەنجامی هەڵبژاردنەکە یەکلا دەکاتەوە بۆیە دیسان تەپڵی برایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ کورد هاتۆتە دەنگ. گۆشەگیریی سەر ئوجەلان هەڵگیرا. لەیلا گیوڤەن ئازاد کرا. دەنگۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بڵاو کرایەوە بەڵام ناوبراو گوتی ئەگەر ئازادکردنەکەم بڕیارێکی سیاسی بێت ئەو ئازادییەم ناوێت... بەگشتی هەوڵەکانی پارتی دادوگەشەپێدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی کورد بەئاشکرا دەردەکەوێت و نرخەکەشی لەم قۆناغەدا مسۆگەرکردنی شارەوانییە ئەستەنبۆڵە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 64476

Your Comment

You are replying to: .
captcha