درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەمجارەیان لە بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ناکۆکیی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیوموکراتی کوردستان لەسەر دەستنیشان کردنی کاندیدی وەزارەتی دادی عێراق هێشتا بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە کابینەکەی خۆی تەواو بکات و وەزارەتی داد یەکێک لەو وەزارەتانەیە کە لە حکوومەتی نوێی عێراقدا هێشتا بێ وەزیر ماوەتەوە.

بەگوێرەی پشکی هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی نێوان حزبە سیاسییەکان، وەزارەتی دادی عێراق پشکی کوردەکانە، بەڵام ناکۆکی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بۆ دیاری کردنی وەزیری ئەم وەزارەتە بێ ئاکام هێشتووەتەوە.

یەکێتی بەدەستەوە گرتنی وەزارەتی دادی عێراق بە پشکی خۆی دەزانێت و بۆ وەدەست هێنانی ئەم پۆستە چەند کەسی دیاری کردووە، بەڵام ناڕەزایەتی دەربڕینی پارتی هەوڵەکانی یەکێتیی بێ ئەنجام هێشتۆتەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە بەغدا کاتێک دەستی پێکرد کە هەوڵەکانی پارتی بۆ وەدەست هێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بێ ئاکان مایەوە. کاتێک کە یەکێتی بەبێ ڕەزامەندیی پارتی بەرهەم ساڵح-ی وەکوو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناساند و لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگی پێویستی مسۆگەر کرد.

هەفتەی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی دوو هەفتەی دا بە حزب و لایەنە سیاسییەکان تا کاندیدی خۆیان بناسێنن بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا یەکێتی و پارتی ڕێکنەکەوتوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان یەکێتی دەیهەوێت ئەمجارەش ئەزموونەکەی پۆستی سەرۆک کۆمار دووپات بکاتەوە و بەبێ ڕەزامەندیی پارتی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بەدەست بێنێت.

شایانی باسە ناڕەزەیی دەربڕینی حزب و کەسایەتیە سیاسییەکانی عێراق هەمبەر ناتەوانیی سەرۆک وەزیران بۆ تەواو کردنی کابینەکەی زیادی کردووە بۆ نموونە موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر بەیانیی ڕۆژی دووشەممە پێشنیاری بە حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد 10 ڕۆژ دەرفەت بدرێتە عەبدولمەهدی بۆ تەواو کردنی کابینەکەی.

هەرلەم بارەوە نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یەکەمین سەردانی خۆیدا بۆ بەغدا وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کۆ بوویەوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان تەواو کردنی کابینە و چارەنووسی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق تەوەری گفتوگۆی نێوان ئەم دوو بەرپرسەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 64468

Your Comment

You are replying to: .
captcha