کوردپرێس:
ئاژانسی ئەلمۆنیتۆر لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کۆنگرێسی ئەمریکا دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی زیاد کردووە و ڕێگەی بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە داوە یارمەتیی کوردەکانی سووریا بدات بۆ ئەوەی زیندانی نوێ بۆ ئەندامانی داعش دروست بکەن.
بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بە پێنتاگۆن دراوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیی کورد بدات بۆ ئەوەی گرتووخانەی کاتی و بەندیخانە بۆ ئەندامانی داعش دروست بکات و ئەوەش دەلالەتە لەسەر زیادکردنی یارمەتیی داراییی ئەمریکا بۆ کوردی سووریا.
چاودێران و خاوەنبیرانی بواری تیرۆریزم دەڵێن ئەو بڕیارەی ئەمریکا وەڵامێکە بۆ داواکارییەکەی کوردی سووریا کە داوای پشتگیریی زیاتریان لە ئەمریکا کردبوو. چوونکە پێشتر بەرپرسانی کوردی سووریا وتبوویان توانای ئەوەیان نیە بەندکراوانی داعش و ژن و منداڵی ئەو دیلانە لای خۆیان بهێڵنەوە و ئەگەر وڵاتانی بیانی و ئەرووپی ڕێگە نادەن ئەو ئەندامانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان ئەوا دەبێت یارمەتیی دارایی بۆ کوردی سووریا بنێرن.
نیکۆلاس هراس چاودێرێکی کاروباری ئەمنی لە پەیمانگای نیۆئەمریکەن سێکیۆریتی بە ئەلمۆنیتۆری وتووە کوردی سووریا پێی باشتر ئەو ئەندامە بەندکراوانەی داعش ڕادەستی وڵاتانی خۆیان بکاتەوە و بەو مەبەستەش گوشاریان خستۆتە سەر ئەمریکا.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش بەنیازە نووسینگەیێکی هەماهەنگی بەمەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری ئەندامانی داعش لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دابمەزرێنێت.
Your Comment