بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی زانیارییەکانی درەومیدیا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دیاری کردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
زۆرینەی فراکسیۆنەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی پارتی ناڕازیی بووە لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە لە هەفتەی داهاتوودا، بەتایبەت کە هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نەگەیشتونەتە رێککەوتن.
کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ درەو رایگەیاندووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە جارێکی تر کۆببنەوەو بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بدەن.
کاروان یاروەیس وتی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت، بۆیە لایەنە کوردییەکانو لایەنە شیعەکان چەند رۆژێک دەرفەتیان لەبەردەمدایە لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنی پەرلەمان، بەرەزامەندی دوو کەس لە کۆی سێ کەسی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت واتە سەرۆکی پەرلەمان و یەکێک لە جێگرەکانی، بەهۆی کشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان شوێنەکەی حاکم زاملی بەبەتاڵی ماوەتەوە، بۆیە دەنگی شاخەوان عەبدوڵا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کاریگەرە تا ئەوکاتەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەنگە رێککەوتن لەسەر پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکە.
کاروان یاروەیس وتیشی: تاوەکوو وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بڕیارە لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا لەسەر کاندیدی شوێنگرەوەی حاکم زاملی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بگەنە رێککەوتن.
Your Comment