سەرۆکایەتیی یەکێتی لە یادی 235 ساڵەی دامەراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی یادی 235 ساڵه‌ی دامه‌زرادنی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، به‌ڵێن‌دەدە‌ین، له‌مه‌ زیاتر نه‌هێڵین سلێمانی فه‌رامۆش و پشتگوێبخرێت.

کوردپرێس:

له‌په‌یامێكدا سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی شاری سلێمانیه‌وه‌ رایگه‌یاند، بۆ یه‌كێتی، سلێمانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دایك و هه‌ستانه‌وه‌ و هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و به‌رده‌وامیی خه‌باتمانه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و له‌ئاست گه‌وره‌یی و مه‌زنیی سلێمانی خزمه‌تكاری راسته‌قینه‌ بین، هه‌مو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندوهێشتنه‌وه‌ی بێت.

ڕاگەیێندراوەکەی یەکێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته‌ قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه‌ سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته‌ پاشكۆی ڕوداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین له‌مه‌ زیاتر و به‌ مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

وا ئه‌مڕۆ سلێمانی ٢٣٦ ساڵه‌، له‌و ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بوه‌، له‌ ڕوداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژویی، سیاسی، روناكبیری و ئه‌ده‌بییه‌كاندا ڕه‌چه‌شكێن بوه‌‌‌، داینه‌مۆ بوه‌ بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه‌ له‌هه‌مو كایه‌كانی ژیاندا و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌ستپێشخه‌ر و پشتیوان بوه‌، سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده‌ و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردوه‌.

سلێمانی خانه‌خوێیه‌كی میهره‌بانه‌ بۆ هه‌مو پارت و پێكهاته‌ و ئاینزاكان، شاری پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبوڵكردن و ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌‌، شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بوه‌ له‌ به‌رده‌م په‌تی سێداره‌، داهێنه‌ر بوه‌ له‌ سه‌رپێخستنی خه‌بات و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی وه‌ وره‌ و وزه‌به‌خشی شۆڕش و به‌رده‌وامییه‌، سلێمانی ئازا و ئازاده‌، زیندوێتی و یاخیبون وه‌ك دو تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م شاره‌، زاده‌ی هه‌ڵكه‌وتنی ده‌یان ڕوناكبیر و تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تی به‌رجه‌سته‌ و سه‌ركرده‌ن‌ له‌بواره‌ جیاكانی ژیاندا، كه‌ جێده‌ستیان له‌ به‌ره‌وپێشبردن و زیندوێتی ئه‌م شاره‌ و دیرۆكی كوردستاندا دیاره‌ و بۆ ڕۆژگاری خۆیان و ئێستاش بونه‌ته‌ ڕێنیشانده‌ر و ئاڵاهه‌ڵگری ئاینده‌یه‌كی ڕون.

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ دید و ڕوئیایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و نوێوه‌ له‌ سلێمانی ده‌ڕوانین، وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته‌ ڕه‌‌سه‌ن و یاخییه‌كانه‌، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه‌ و نوێبونه‌وه‌یه‌تی، ڕه‌گی قوڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌مشاره‌ و بست به‌ بستی كوردستاندا چۆته‌ خوارێ و ڕه‌‌شه‌بای هه‌ر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابه‌رایه‌تی ده‌كات.

بۆ یه‌كێتی، سلێمانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دایك و هه‌ستانه‌وه‌ و هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش و به‌رده‌وامیی خه‌باتمانه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و له‌ئاست گه‌وره‌یی و مه‌زنیی سلێمانی خزمه‌تكاری راسته‌قینه‌ بین، هه‌مو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندوهێشتنه‌وه‌ی بێ، له‌هه‌مو ڕوه‌كانه‌وه‌، ئاوه‌دانیی و گه‌شه‌پێدانی سلێمانی به‌ ئه‌ركی خۆمان بزانین و له‌ ئاست گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان به‌ڵێن بده‌ین كه‌ یه‌كێتیی نوێ، یه‌كێتیی خزمه‌ت و یه‌كێتیی حكومدارییه‌كی باشتر و ئاوه‌دانتر و شایسته‌تر بێت،

ئه‌مڕۆ و له‌م ڕۆژه‌ مێژوییه‌دا، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ین سلێمانی بكرێته‌ قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه‌ سیاسییه‌كان، نه‌هێڵین بكه‌وێته‌ پاشكۆی ڕوداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین له‌مه‌ زیاتر و به‌ مه‌به‌ست فه‌رامۆش و پشتگوێ بخرێت،

پیرۆز بێت یادی بنیادنانی شاره‌ حه‌یاته‌كه‌

دڵنیا بن یه‌كێتی له‌ئاست مه‌زنی سلێمانی، به‌رپرسیار و به‌ئه‌مه‌كه‌

سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

14-11-2020

News Code 64

Your Comment

You are replying to: .
captcha