هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە تیرۆری فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە لە کەلاری هەرێمی کوردستان و وتی: ئەم تیرۆرە پرسیاری جیدی زۆر دێنێتە ئاراوە کە ئەم ڕووداوە بە چ شێوەیەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و سەروەریی خاکی ئەم وڵاتەی پێشێل کردووە و بەرپرسانی کورد و عێراقی لەمبارەوە بێدەنگن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەنە لەبارەی ئەم تیرۆرەوە دەبێت دەست پێبکات و جەختیشی کردەوە کە ئەم بابەتە دەریخست کە نە عێراق و نەک هەرێمی کوردستان هیچ کونترۆڵێکیان بەسەر ئاسمان و زەمینی خۆیاندا نییە و وڵاتانێکی دیکە عێراق بەڕێوەدەبەن.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان زیادی کرد: بەرپرسانی عێراقی و کورد دەبێت لەمبارەوە هەڵویستیان ببێت و بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووداوە لە ئەستۆ بگرن.
هۆشەنگ دروێش ڕاشیگەیاند: ئەم هەڵمەتە هەڕەشە کردنە لە دژی ئیدارەی خۆسەر و ئامانجی تورکیا زەبرلێدانە لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سووریا. ئامانجی ئەوان سڕینەوەی ئیرادەی کوردانی سووریایە.
ئەم سیاسەتوانە کوردە وەبیری هێنایەوە: تیرۆر کردنی فەرها شبلی نیشاندەری شکست هێنانی حکوومەتی تورکیایە. تورکیا لە شەنگالەوە تا تەلتەمەر دەکاتە ئامانج بەڵام بەڕاستی ناتوانێت ئیرادەی گەلی سووریا تێکبشکێنێت.
Your Comment