بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە ناسنامەى چوار سەرکردەى کوژراوى رێکخراوى داعش-یان لەڕێگەى پشکنینى DNA ئاشکرا کردووە کە لە بۆردوومانێکى فڕۆکە جەنگییەکانى عێراق لە 14ـى حوزەیران لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین کوژراون.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو چوار سەرکردەیەى داعش کە ناسراونەتەوە، پێکهاتوون لە هەریەک لە؛ ماهیر عەلى عەبدوڵڵا جبوورى ناسراو بە ئەبوو عەزام کە پۆستى والیى دیجلە بووە. غانم عەزیز ساڵح جوارى، ناسراو بە ئەبوو بیلال کە پۆستى والیى سەلاحەدین بووە. دووەکەى دیکەش؛ سەیف تاریق فەراجی، ناسراو بە ئەبوو سەعد، بەرپرسی دارایی داعش و جەواد قەیسی سەرکردە لە رێکخراوى داعش بوون.
شانەى راگەیاندنى ئەمنی ئاماژەى بەوە داوە کە ئەو 4 سەرکردەیەى داعش لە دۆڵى سەرسار لە خۆرئاواى پارێزگاى سەلاحەدین کوژراون و لە هەوڵدان ناسنامەى کوژراوانى دیکەى ئەو بۆردوومانە ئاشکرا بکەن.
Your Comment