بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه، تییدا هاتووه، ئێواره‌ى ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی لە ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی تازەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له رۆمانۆوسكى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى عيراق و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له وڵات و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه، خسته ڕوو.
هه‌روه‌ها په‌يوه‌ندييه‌كانى ئەمریکا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختيان له خواستى دوولايه‌نه بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش كرده‌وه، به‌تايبه‌تى له بوارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى ئه‌مه‌ريكيدا له عيراق و هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته هێز و لايه‌نه عيراقييه‌كان پێكه‌وه كار بكه‌ن و هاريكار بن بۆ دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى ده‌ر‌چوون له چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منى له وڵات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر عيراق و هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.
تیشك خرایه سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ڕۆبێرت پاڵادينۆ، كونسولى گشتيى ئەمریکاش له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى دیداره‌كه بوو.
Your Comment