وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سکاڵای لەسەر وەزیری نەوتی عێراق تۆمار کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لەسەر وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەرێکی گشتی ئەو وەزارەتە تۆمارکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراویکی لەبارەی دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بانگهێشت کردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بڵاو کردەوە و تێیدا هێرش دەکاتە سەر ئەو رێوشوێنانەی دژ بە هەرێمی کوردستان دەگیرێنەبەر.

وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان رایگەیاند: "رۆژی 19ی ئایاری 2022 و لەسەر داوای وەزیری نەوتی عێراق دادگای بازرگانیی الکرخ لە بەغدا ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن بانگ کرد لەوانەش کۆمپانیای DNO ، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن، کە گرێبەستەکانیان بەپێی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و گازی کوردستان واژوو کراوە و ئەو یاسایەش بەپێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە".

لەبارەی بانگ کردنی ئەو حەوت کۆمپانیا نەوتییەشەوە کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، وەزارەتەکە زمانێکی تووندی بەکارهێناوە و دەڵێت: "بانگ کردنی دادگەی الکرخ دوایین زنجیرە رێوشوێنی نایاساییە کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکوومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە 'دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناودەبات، ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق'یە لە 15ی شوباتی 2022 و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد، کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ی کوردستان بووە، کە هیچ دادگایەک لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات."

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە درێژەی راگەیێنراوەکەیدا باسی هەڵوێستی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و کاردانەوەکانییان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت کە رۆژی 28 ی شوباتی 2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بڕیاری 15ی شوباتیان رەتکردەوە.

هەروەها دەڵێت: "رۆژی 4ی حوزەیرانی 2022، ئەنجوومەنی دادوەری کە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە رەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 کرد و رایگه‌یاند بە پێی مادده‌ی 92/ بڕگەی دووەم لە ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ک بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ده‌ربکات، بەڵام تائێستا هیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە "دادگای باڵای فیدراڵی" بە پێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە."

سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بە سکاڵایەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات و ئاشکرا دەکات، لەوبارەیەوە لە راگەیێنراوەکەیدا هاتووە: "لە 2ی حوزەیرانی 2022، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی یاسایى لە دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی تۆمار کرد، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە رێگەی ترساندن و هەراسانکردنی ئەو کۆمپانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو کۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان."

لە درێژەی راگەیێنراوەکەیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەوە هاتووە: "لە 5ی حوزەیرانی 2022، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا کە ئەو داوایانەى لە دادگای بازرگانی الکرخ لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆمارکراون، دەبێت بهێنرێنە دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر، بۆ ئەوەی وەک بەڵگە بۆ ئەو سکاڵا تاوانکارییە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەکی یاسایی لە دادگای الکرخ کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بەپێى یاسای بنەماکانى دادگایىکردنى سزایى ژمارە 23 ی سالی 1979 عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق کارەکانی دادگای مەدەنی رابگرێت تاوەکو رێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت، تەنانەت لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی 38 لە یاسای دادبینى شارستانى عێراقى ژمارە 83 ی ساڵی 1969 و بەپێی تایبەتمەدێتى شوێن اختصاص مکانی، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانى هەرێمى کوردستان دادبینى بۆ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوا لێکراوەکان هەر هەموویان لە کوردستان تۆمارکراون و لە کوردستان کار دەکەن."

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاندووە سکاڵای لەسەر وەزیری نەوتی عێراقیش تۆمارکردووە و دەڵێت: "هەروەها لە 5ی حوزەیرانی 2022، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ تۆمارکرد، بە بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە".

News Code 6207

Your Comment

You are replying to: .
captcha