بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا ئاماژەی بەوە داوە، دۆخی خراپی سیاسی لە هەرێم ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەبووە و وایکردووە هەنگاوەکان نەچنە پێشەوە، بابەتەکەش پەیوەستکراوە بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە: "ئەگەر ئێمە حکوومەتێکی هاوپەیمانیی بین، دەبێت پێکەوەش بڕیار لەسەر شتەکان بدەین".
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، کۆتاییەکانی ساڵی 2021 کۆمپانیای کار و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی هەرێم ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە.
ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بوەتە گرفت و ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە ئەوەیە، یەکێتی ڕێگری کردووە لەوەی تیمی هونەریی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای کار سەردانی ئەو کێڵگانەی سنووری دەسەڵاتی یەکێتی بکەن، کە دەوڵەمەندن بە گازی سروشتیی.
Your Comment