بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆبێرت پاڵادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکە و کەسوکاری خوێندکاران، رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەرهەم ساڵح لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، "لێرەدا دەبێت بە سوپاس و رێزی بێپایانەوە باسی رۆڵی مام جەلال بکەین.. پشتیوان هاوکار و هەمیشە بە دەنگمانەوە بوو. کاک نێچیرڤان کە خۆشی لێرە ئامادەیە بەڕاستی لە رۆژی یەکەمەوە هاوکار و پشتیوانم بوو، پشتیوانی بۆردی زانکۆکە بوو کە ئەو ناوەندە ببێتە راستییەکی گەورە."
ئەمڕۆ 260 خوێندکار لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنن کە 148 کوڕ و 112شیان کچن.
لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەم دۆخەی ئێستا لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان بگرە لە عێراقیش ئاستەنگ و کێشمەکێشمی زۆری تێدایە، مایەی نیگەرانیی زۆرینەمانە، بەڵام بە هیمەتی ئێوە، بە هیمەتی خەڵکی خێرخواز و دڵسۆز و پەرۆشی ئەم نیشتمان و کۆمەڵگەیە، دەتوانین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا سەرکەوین".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئێستا زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بووەتە ناوەندێکی دیار، بووەتە هێمایەکی گرنگی ژیانی رۆشنبیری و پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو.
لەبارەی زانکۆکەوە بەرهەم ساڵح زیاتر قسەیکرد و روونیکردەوە: "دەمەوێت ئەوەش دووبارە بکەمەوە ئەو زانکۆیە، زانکۆیەکی گشتییە، زانکۆی کەرتی تایبەت نییە و موڵکی کەس نییە، پشکی کەسی تێدا نییە، داهاتی بۆ کەسیش نییە. تەنیا و تەنیا لە خزمەتی خوێندکارانە، بەپێی یاسای زانکۆکەش وەقفێکی گشتییە بۆ خزمەتی خوێندکاران و بە موڵکێکی گشتی ماوەتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بەو ئاراستەیە کار بکات."
Your Comment