بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی ئەنجومەنەکە، کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ تاوتوێ کردنی دوایین پەرەسەندنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ دژی کوردستانی سووریا ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی هەسەدە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی هێرشەکانی ئەمدواییە تورکیا بەتایبەت لە تەلتەمر، زرگان، منبج و شەهبا کرا، هاوکات تاوتوێی کاریگەریی هەر هێرشێکی نوێی تورکیا کرا لەسەر دۆخی مرۆیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەگشتیی و بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی وەک ئامانج نیشان دەدرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە رایگەیاندووە، ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێی سەربازی، ناوچەکە دەگێڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی سووریا.
ئەوەشی خستۆتەڕوو کە "پرۆژە داگیرکارییەکان و بەتایبەتیش هەڕەشەکانی ئەمدواییە، هیچ نین جگە لە سەرەتایەک بۆ دابەش کردنی سووریا."
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر کاریگەریی ئەنجامدانی هێرشی تورکیا لەسەر شەڕی دژی داعش، کە بەمدواییانە داعش سوودی لە هێرشە داگیرکارییەکان وەرگرتووە و ئەوەش مەترسییەکانی داعشی زیاتر کردوە.
ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە جەختیشی کردوەتەوە، کە ئەوان گرنگیی بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان دەدەن، لە هەمان کاتیشدا ئامادەکاریی تەواو دەکەن بۆ پاراستنی خاک و دانیشتوانی ناوچەکان و وەڵامدانەوەی هێرشە چاوەڕوانکراو و شەڕە درێژمەوداکان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێرشی چاوەڕوانکراوی تورکیا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی و یەکێتیی خاکی سووریا دەکات، ئەو هێرشانە تەنها لە ناوچە بەئامانجکراوەکان وەڵام نادرێنەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ناوچانەی کە ئێستا داگیرکراون دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپەرچدانەکانەوە.
هەروەها کۆبوونەوەکە جەختی کردۆتەوە لەسەر ئامادەیی هێزەکانیان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا لەپێناو بەرچەندانەوەی هەر هێرشێکی تورکیا کە بکرێتە سەر خاکی سووریا.
Your Comment