داوای هەڵوەشانەوەی پارتی خەونی حوشترە و دەمێکە کەسانێک ئەوە دەخوازن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی داوای هەڵوەشانەوەی پارتی خەونی حوشترە و دەمێکە کەسانی لەو شێوەیە دەخوازن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق داوای هەڵوەشانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیش دەڵێت: "ئەو داوایە وەک خەونی حوشترە و دەمێکە کەسانی لەو شێوەیە دەخوازن پارتی نەمێنێت".

ناوبراو وتیشی: ئەوانە بە رێگەی دیکە زۆریان هەوڵداوە، هێزیان بەکارهێناوە و سەرکەوتوو نەبوون، ئەو رێگەیەی ئێستاش کە گوایە رێگەیەکی یاسایی و دەستوورییە، گومانی تێدا نییە کە سەرکەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانوویەک نییە بۆ ئەو داوایەی ئەندام پەرلەمانەکە کردوویەتی".

شایانی باسە عالیە نسەیف جاسم، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، پاساوەکەشی ئەوەیە پابەندی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵی نابێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە بیسەلمێنێت تائێستا هەرێمی کوردستان پابەندی دادگای فیدڕاڵ نەبووبێت، بە پێجەوانەوە وتوێژەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامن و هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن، هەردوو لایەن بگەنە ئەوەی یاسایەکی نەوت و غاز دەربچێت، کە لەگەڵ دەستووری عێراق کۆک بێت".

هۆشیار سیوەیلی بەدووری نازانێت دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات و وەک ئاماژەی پێدەدات: "دوای ئەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر بەربژێربوون هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەرچوو، دواتر یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، چاوەڕێ دەکرا بڕیاری دیکەشی بەدوادابێت، لەبەر ئەوەی چەند لایەنێک لە بەغدا هەن کە لەگەڵ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نین و دەیانەوێ بە هەموو شێوەیەک کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە: "ئەو هەوڵانە هیچیان سەرکەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی عێراق دەستووری هەیە و ئێمە پێوەی پابەندین و بەپێی ماددەکانی ناو ئەو دەستوورە بێت، هەوڵی لەو شێوەیە هیچی سەرناگرن".

بەگوتەی هۆشیار سیوەیلی: "ئەگەر دادگا کار لەسەر سکاڵاکە بکات، ئێمە لەوێ ئامادە دەبین و بەرگری لەخۆمان دەکەین، ئەو دانیشتنانەی دیکەش کە پەیوەست بوون بە هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم لەوێ ئامادە بووە بۆ بەرگریکردن. ئەو پاساوانەش کە هێنراونەتەوە بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنەوە دەستووری نین و بێبنەمان".

News Code 6138

Your Comment

You are replying to: .
captcha