بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەنراوێکدا شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگەیاند، چه‌ند تێبینیه‌کیان لەسه‌ر پێشنیازی یاسای پشتیوانی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراک و گه‌شه‌پێدان هەیە، کە تێیدا بڕوای به دەقی ژمارەیەک له ماددەکانی یاساکە نییه بەهۆی ئەوەی ده‌رگای خه‌رج کردنی ناپێویستی له‌خۆ گرتووه، ئه‌مه‌ش مەترسی گومانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەی گشتی زیاتر دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەگەڵ دەرکردنی یاسای پشتیوانی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراک و گه‌شه‌پێدان نین به‌م شێوازه‌ی ئێستای، ئەنجومەنی نوێنەران لەم هەلومەرجە هەستیارەدا لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەدایە بەرامبەر بەم یاسایە، پێویسته ئه‌وله‌ویه‌ته گرنگه‌کان دیاری بکرێت و دەرگاکان بەڕووی گەندەڵیدا دابخرێن.
شاخەوان عەبدوڵا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆیە وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و په‌رله‌مانتاره بەڕێزهکان هەوڵ دەدەین پێشنیازی یاساکه و پەسەندکردنی ئاراسته بکەین بەرەو ئەم ئەولەویەتانە، کە لە پێش هەموویان بریتین لە، دابین کردنی بڕگه‌کانی ناو فۆرمی خۆراک و سه‌به‌ته‌ی خۆراک و دابین کردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان له کاره‌با و پشتیوانی که‌رتی کشتوکاڵ و خه‌رج کردنی شایسته داراییه‌کانی جووتیاران و جێبەجێ کردنی داواکاری وانەبێژانی خۆبەخش، خاوەن گرێبەستەکان و کرێی ڕۆژانە کە خزمه‌ته‌که‌یان له دووساڵ زیاتره دابمه‌زرێن، هه‌روه‌ها دارایی پێویست ته‌رخان بکرێت بۆ چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی شایسته‌ن و له توێژه هه‌ژار و زیانلێکه‌وتووه‌کانن".
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونیشیکردەوە، ماددەی ١٣ لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ و میکانیزمی خەرجکردن بە ڕێژەی (12/1) یان کەمتر لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان بۆ خەرجییە کانی ئه‌م ساڵ بۆ ساڵی دارایی پێشوو بەسە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بۆ ئەم ساڵە داراییەی ئێستا.
Your Comment