بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی 1ی ئابی ئەمساڵ دادگای کەرخ لە بەغداد بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر سکاڵایەکی یاسایی دەدات کە لاهور شێخ جەنگیی لەدژی بافڵ تاڵەبانیی تۆماریکردووە، سکاڵایەک کە لەڕووی یاساییەوە حجزی لەسەر هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لەناو یەکێتیی دروستکردووە و بەبێ سازدانی کۆنگرە کێشە بۆ "سەرۆکایەتییەکەی بافڵ تاڵەبانیی" دروست دەکات، لە فەرمانگەی حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هێشتا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکە.
درەو میدیا بڵاوی کردەوە ماوەی سێ رۆژە میدیاکانی یەکێتیی بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیی-یان وەکوو سەرۆکی یەکێتیی ناساندووە، ئەمە دانانێکی رەمزییە، چوونکە دۆسیەی یەکێتیی لە دادگای بەرایی کەرخ لە بەغداد، بەهۆی سکاڵایەکی (لاهور شێخ جەنگی)یەوە حجزی خراوەتەسەر.
واتە بەگوێرەی فەرمانی دادگای عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوەکو دوای یەکلابونەوەی کێشەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیی ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەکی حزبی خۆی بەشێوەیەکی یاسایی بچەسپێنێتو لە فەرمانگەی کاروباری پارتو رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆماری بکات، بەتایبەتیش دانانی بافڵ تاڵەبانیی وەکو سەرۆکی حزب.
رۆژی 8ی تەموزی ساڵی رابردوو، ناکۆکی نێوان هاوسەرۆکەکانی یەکێتیی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی تەقییەوە، بافڵ تاڵەبانیی لە بەیانی ئەو رۆژەدا دەزگای زانیاریو دژەتیرۆری کۆنترۆڵ کرد، دوای ئەم رووداوە بەفەرمی لاهور شێخ جەنگیی تۆمەتبار کرد بەوەی ژەهرخواردی کردووە و هەوڵی تیرۆر کردنی داوە، بەهۆی ئەم تۆمەتەوەن لاهور شێخ جەنگی بە مەرجی ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت، دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکایەتی خۆی رادەستی بافڵ تاڵەبانی کرد، بەڵام لیژنە دروست نەکراو ئەنجامەکانیش رانەگەیەندرا، ئەمە وایکرد لاهور شێخ جەنگیی سەرلەنوێ داوای دەسەڵاتەکانی بکاتەوە.
رۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021 دوای نزیکەی چوار مانگ لە رووداوەکانی 8ی تەموزو جموجوڵی سەربازیی لەلایەن هەردوو جەمسەری کێشەکەوە، بافڵ تاڵەبانیی بە نووسراوێک لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆکی یەکێتی لە ئەندامێتی یەکێتی دوورخستەوە، واتە یەکێک لە هاوسەرۆکەکان ئەوی تری لە حزب دەرکرد.
بەگوێرەی یاسای بەرکار، هەر گۆڕانکارییەک کە لەناوخۆی حزبە سیاسییەکاندا روودەدات، دەبێت لەماوەی مانگێکدا بە نوسراوی فەرمی فەرمانگەی حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیی دوای تێپەڕینی شەش مانگ هێشتا بڕیارەکەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەکێتی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێکخراوە سیاسییەکان نەکردووە، بەوهۆیەوە ئێستا لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە هێشتا هاوسەرۆکی یەکێتییەو دادگای بەغداد حجزی لەسەر هەر گۆڕانکارییەک لەناو یەکێتی داناوە..
درەو بڵاوی کردەوە لاهور شێخ جەنگیی مانگی ئازاری ئەمساڵ لە دادگای سلێمانی سکاڵای یاسایی دژی بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکردووە.
رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ فەرمانگەی کاروباری حزبو رێکخراوە سیاسییەکان نووسراوێکی ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوە یەکی سلێمانی کردووە، تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەکوو ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت، واتە تا ئەوکاتەش کە نزیکەی 5 مانگ بەسەر بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەرکردنى لاهور شێخ جەنگی تێپەڕیوە، هێشتا بافڵ تاڵەبانیی فەرمانەکەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێکخراوە سیاسییەکان نەکردووەو دورخستنەوەکەی لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە نەچەسپاندووە.
دوای تەماشاکردنی دۆسیەکە، دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگیی ئاگادارکردووە لەوەی سکاڵا یاساییەکەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونکە دۆسیەی کاروباری حزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بەوهۆیەوە هەر لە مانگی ئازاردا دۆسیەکەی بردوەتە دادگای بەرایی (کەرخ) لە بەغداد.
رۆژی 11ی ئەیلولی ئەمساڵ دادگای کەرخ ئاگادارینامەی بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە بۆ ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانیی ئاگادار بکات لەوەی رۆژی 25ی ئەیلول بەردەم دادگا ئامادە بێت لەسەر بنەمای ئەو سکاڵا یاساییەی کە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆمارکردووە.
بافڵ تاڵەبانیی ئاگادارینامەکەی دادگای کەرخی وەرنەگرتووە، رۆژی 25ی ئایار بەبێ ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانیی یاخود پارێزەرە یاساییەکەی، دادگای کەرخ لەسەر سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگیی دانیشت، لەم دانیشتنەدا بڕیاریدا رۆژی 1ی ئابی داهاتوو حوکمی کۆتایی خۆی لەبارەی سکاڵا یاساییەکە یەکلابکاتەوە، ئەمجارە لەبری دادگای بەرایی سلێمانی، لەرێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادارکردنەوە بۆ بافڵ تاڵەبانیی نێردراوە، ئەگەر ئەمجارەش ئاگادارینامەکە وەرنەگرێتو نەچێتە بەردەم دادگا، رۆژی 1ی ئابی داهاتوو بەبێ ئامادەبوونی خۆی، دادگای کەرخ بڕیار لەسەر ئەو سکاڵا یاساییە دەردەکات کە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆمارکردووە.
ئەگەر لەم دۆسیە یاساییەدا لاهور شێخ جەنگیی لە بافڵ تاڵەبانیی بباتەوە، کێشەی یاسایی بۆ یەکێتیی لە بەغداد دروست دەکات، کێشەیەک کە رەنگە تەنیا سازدانی کۆنگرەیەکی نوێ لەناو یەکێتیدا چارەسەری بکات.
سەرباری ئەو کێشە یاساییەی کە لەسەر پرسی سەرۆکایەتیکردنی یەکێتی لە دادگای کەرخ هەیە، رۆژی 22ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکدا لە قەڵاچوالان بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیی وەکو "سەرۆک"ی یەکێتی ناساند، رۆژی 28ی ئەم مانگەش لەبەردەم لایەنگرانی یەکێتی کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش ئامادەی بوو، سەرلەنوێ بافڵ تاڵەبانی وەکو "سەرۆک"ی یەکێتی ناسێندرایەوەو چەند سەرکردەیەکی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەسەر ئاستی عێراق پیرۆزباییان لە بافڵ تاڵەبانیی کرد.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەو سکاڵا یاساییەدا کە لاهور شێخ جەنگیی لەرێگەی پارێزەرەکەیەوە (سەیوان سیروان جاسم) لە دادگای (کەرخ) تۆماریکردووە، باس لەوە دەکات، بافڵ تاڵەبانیی پێشتر چەند بڕیارێکی لەدژی ئەو دەرکردووە بۆ لەکارخستنو دورخستنەوەی لە حزب، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی، پەیڕەوێک کە لە کۆنگرەی یەکێتیدا پەسەندکراوەو لەلایەن فەرمانگەی حزبەکانی عێراقەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
لە سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگیدا ئاماژە بەوەکراوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرچاوەی بڕیار لەدەستی (ئەنجومەنی سەرکردایەتی) دایە و ئەو بەرزترین دەسەڵاتە لەناو حزبدا.
بەشێکی تری سکاڵا یاساییەکەی لاهور شێخ جەنگیی دەڵێ" بافڵ تاڵەبانیی هەندێک تۆمەتی نادروستی بۆ لاهور شێخ جەنگیی دروستکردووەو رێگری لێدەکات دەسەڵاتەکانی خۆی پەیڕەو بکاتو ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە، بۆیە داوا دەکەین دادگا کەسی سکاڵا لەسەرکراو بانگهێشت بکاتو بڕیار بدات لەسەر نایاسایبوونی ئەو بڕیارانەی دەریکردووەو سنورێک بۆ رێگیرکردن لە پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی لاهور شێخ جەنگیی وەکو هاوسەرۆک دابنرێت".
Your Comment